دوای ١٠ ساڵ لە جینۆساید کردنی شەنگال مەکۆی چەندین گرووپی میلیشیایە و ئاوەدان نەکراوەتەوە

دوێنێ شەممە ٣ی ئاب ڕێک دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تێپەڕی و دوای ئەو ماوە درێژە هێشتا زۆرینەی ئێزدییەکان لە ئاوارەییدا دەژین و ژیانیان ئاسایی نەبووەتەوە، حکوومەتی عێراق نەک هیچ شتێکی بۆیان نەکردووە ئەو بەڵێنانەشی جێبەجێ نەکردووە پێشتر دایبوون. بە دانپێدانانی نوێنەر و ڕێبەر و کەسایەتییە ئێزدییەکان، پاڵپشتی و خەمخۆری سەرەکیی ئەوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بووە.

شەوی ٩ لەسەر١٠ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق کۆنترۆڵ بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت ڕابگەیەنن. کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەو ڕووداوە لە سێی ئاب، ئاراستەی هێرشەکانیان بەرەو کوردستان گۆڕی و ڕوویان لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا کرد کە ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێن و داعش بە پاساوی ئەوەی ئایینەکەیان ئیسلام نییە، بڕیاری کۆمەڵکوژیی ئەو پێکهاتە ڕەسەنە کوردییەیان دا.
بە سەدان هەزار ئێزدی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێکیشیان ڕوویان لە چیاکان کرد، بەشێکی تریشیان هیچ دەرەتانیان نەبوو و تیرۆریستانی داعش دەستگیری کردن و بە کۆمەڵ بۆ شوێنی نادیاری گواستنەوە. دەگوترێ هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئەو هێرشە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان بە تایبەتی بەساڵاچووەکانیان کۆمەڵکوژ کران.
بەپێی دواین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، بەهۆی هێرشەکەی سێی ئاب نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و نزیکەی شەش هەزار و پێنجسەد کەس ڕفێنران. لەو شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە ئێزدییەی ڕفێنران، تا ئێستا سێ هەزار و پێنجسەد و حەفتا و شەش کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا دوو هەزار و هەشتسەد و چل و یەک ئێزدی بێسەروشوێنن و دیار نییە چ ژمارەیەک لەوانە لە ژیاندا ماون یان کۆمەڵکوژ کراون.
خەمخۆری سەرەکیی ئێزدییەکان لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا هەرێمی کوردستان بووە. میرحازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان دوێنێ لە وتارەکەیدا بۆ یادی دە ساڵەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان سوپاسی هاوکاریی و هەڵوێستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ساتی کارەساتەکەدا دەرگای ماڵ، مزگەوت، کڵێسا و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئێزدییەکاندا کردەوە و سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئێزدییەکان و لێقەوماوان بوون.
ئەو باسی لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و گوتی دەخوازن بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، نەک بە ترس و دڵەڕاوکێوە، چونکە نایانەوێت کارەساتی تریان بەسەردا بێتەوە و بەپێویستیشی زانی حکوومەتی عێراق جیددی بێت لە پرسی ئێزدییەکان و چی تر پشتگوێیان نەخات.
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دەخیل بە VOAی گوتووە هیچ کات حکوومەتی عێراق دۆسیەی ئێزدییەکانی بەلاوە گرنگ نەبووە، تەنانەت لەو بودجە زۆرەی هەیەتی تا ئێستا شنگالی ئاوەدان نەکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتننامەی شنگالی جێبەجێ نەکردووە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان کەمپی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە کردەوە لەسەر بودجەی خۆی خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ئاوارانە دەکرد، ئەویش لە دۆخێکدا کە حکوومەتی عێراق لە جیاتی هاوکاری بودجەی هەرێمی بڕی و هیچ کچێکی ئێزدی لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق ڕزگار نەکراوە و بۆ پرسی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانیش هیچ هەنگاوێکی نەناوە و خۆیشی دانی پێ نەناوە.
بەگوتەی حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی ئۆفیسێک پێکهێنرا بۆ بەدواداچوون و ڕزگارکردنی ئەو ژن و منداڵ و پیاوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنران، لە ئەنجامی بەدواداچوونیان بۆیان دەرکەوت کە شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە کەس لە ژن و منداڵ و پیاوی شنگال کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، لەو کاتەوە کە ئەم ئۆفیسە دروست بووە سێ هەزار و حەوتسەد و پەنجا و نۆ کەس ڕزگار کراون.
ئەو هەروەها دەڵێت بەداخەوە حکوومەتی عێراقی کەمتەرخەمییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە دۆسیەی ئێزدییەکان، بۆ ئاوارەکان هیچی نەکردووە هەتا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان گرنگترین شت کە بیکردایە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بوو بەڵام نەیکردووە.
هاوکات پیردان جەعفەر حەمۆ ، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک دەڵێت تا ئێستا لە هەشتا لەسەدای شنگال و خانووی هاووڵاتیانی شنگال هەر بە ڕوخاوی ماونەتەوە، بۆیە خەڵک ناگەڕێتەوە شنگال، سەرەڕای نەبوونی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری، کە هێزی چەکدار لەو ناوچانەدا هەن، ئەگەرچی هاوکاری گەڕانەوەی هاووڵاتیان دەکرێت، بەڵام هاووڵاتیانی شنگال لە ٢٠١٩وە تەنیا لەسەدا سییان گەڕاونەتەوە و هێشتا نزیکەی سی هەزار خێزان لە نێو کەمپەکاندا دەژین ئەوە بەدەر لەو ژمارە زۆرەی لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین.
جێی باسە دوای دە ساڵ لەم ڕووداوە شنگال بووەتە مەکۆی چەندین میلیشیا و هێشتا ئاسایش و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە نەگەڕاوەتەوە.
بەپێی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان بەغدا و هەولێردا واژۆ کراوە هیچ هێزێکی چەکدار لە شنگال نامێنێت و دەبێت هێزە چەکدارەکان بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە دەرەوەی گوندەکانی دەوروبەری شنگال جێگیر ببن، هاوکات پەڕاوی ئەمنیی شارەکە ڕادەستی پۆلیسی نێوخۆیی دەکرێت. چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرا هەرچی زووە دۆخی ژیانی ئیزدییەکان ئاسایی بکاتەوە بەڵام ئەوانە هێشتا زۆربەیان لە ناو کەمپەکاندا دەژین و ژمارەیەکی زۆریشیان ئاوارەی وڵاتان بوون.

ھەواڵی زیاتر