حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین بیانووی حکوومەتی عێراقیشی لەبارەی مووچەوە بڕی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تەمووز ڕێک دە ڕۆژە کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی کردووە بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا وردبینیکردنەکەی تەواو نەبووە و چاوەڕوان دەکرێ لەم چەند ڕۆژەدا ڕەوانە بکرێت هەرچەندە بەپێی ڕێکارەکان دەبوایە ڕەوانە کرابا.

تا ئێستە نۆزدە ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرگرتووە و کاتێکی زۆر تێنەپەڕیوە بەڵام بەپێی یاسا و ڕێساکانی وەزارەتی دارایی عێراق وەک چۆن بەر لە هاتنی مانگی نوێ دەبێت مووچەی مانگەکە لە وەزارەتی و پارێزگاکانی عێراق دابەش کراوە ئەوا دەبێت بەر لە کۆتایی مانگەکە لە هەرێمی کوردستانیش دابەش بکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە مووچە بەردەوام کێشە و لەمپەری بۆ دروست کراوە و هەر جارە و بە بیانوویەک دوا کەوتووە یان وەک پێویست نەنێردراوە بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم جارە دواین بیانووشی لە حکوومەتی فیدراڵی بڕی کە دەیگوت کێشە لە بەغدا نییە بەڵکوو کێشەکە لە هەرێمی کوردستانە کە زوو لە کاتی خۆیدا لیستی مووچە نانێرێت تا ئەوانیش خێرا وردبینی بۆ بکەن و دابەشی بکەن.
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢١ی تەمووز لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد. وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تەمووز ڕێک دە ڕۆژە وردبینی تێدا دەکرێ و تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە لیستەکەدا نییە.
ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق وەک مانگی ڕابردوو وردبینی کردبێت ئەوا دەبووایە لە ٢٦ی تەممووز یەکەم وەجبەی پارەی ڕەوانە کردبا، وەک چۆن لە مانگی ڕابردوودا لە چواری تەمووز دوای پێنج ڕۆژ لە وردبینی بەشێک لە پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی ڕەوانەی کرد. لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٢٩ی حوزەیران لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرابوو.
وەزارەتی دارایی عێراق دوای زیاتر لە دە ڕۆژ وردبینی، لە نۆی تەممووز پارەی تەواوکاریی مووچەی نارد و چاوەڕوان دەکرێ ئەم جارە هەموو مووچەکە بە یەک جار ڕەوانە بکات و بەپێی کاتی وردبینییەکەش دەبێت ئەمڕۆ چوارشەم یان سبەی پێنجشەم پارەکە بنێردرێت و بەپێی لێدوانی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڕەوانە دەکرێت.
خەلیل دۆسکی ئەندامی لیژنەی دارایی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە وەزارەتی داراییەوە پێیان گوتراوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ناردنی مووچەی مانگی تەممووز بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت.
جێی باسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شەشی تەمووز مووچەی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی و کەسوکاری شەهیدانی دابەش کرد و ١١ و ١٢ی تەممووزیش مووچە سەرجەم فەرمانبەرانی دابەش کرد و لە لە ١٧ی تەمووز مووچەی هەر دوو مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پەشمەرگە و ئاسایش بەیەکەوە بەسەریاندا دابەش کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێی تەمووز داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردبوو لیستی مووچە ڕەوانە بکرێ هیچ مانگێک لە ١٠ی مانگەکە تێنەپەڕێت.
وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی ئابیش داوای لە فەرمانگەکان کردووە لیستی مووچە بە سیدی و كاغەز بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن و هەروەها گشت فەرمانبەران بایۆمەترییان هەبێت و لە لیستی مووچە UPN بنووسرێت کە كۆدی هاوتای پێ دەگوترێت و كۆدی بایۆمەترییەوە بەستراوەتەوە، ئەو كۆدە بۆ مووچە و هەموو زانیارییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانە بووەتە بنەمایەكی سەرەكی.
هاوکات داوا کراوە كۆدی دووبارە لە لیستی مووچەدا بەكار نەهێنرێت، چونكە ئەو دووبارەكردنەوەیە لای وەزارەتی دارایی عێراق بەدیار دەكەوێت و وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری كردوونەتەوە، هەر كەسێك بایۆمەتری نەبێت، یان كۆدی بایۆمەترییەكەی دووبارە بێت، یان ناوی دووبارە بێـت و هەر هەڵەیەك هەبێت، ئەوا مووچەی خەرج ناكرێت.

ھەواڵی زیاتر