سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە ڕانیە لە دوو ساڵدا هەزار و 800 نەخۆشی بێبەرامبەر چارەسەر كردووە

کاروان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “لە 1 ئابی ٢٠٢٢، تاكوو ناوەڕاستی تەمووزی 2024، هەزار و ٨٠٠ نەخۆش سەردانیان کردووین و چارەسەر و چاودێری كراون”.
“بەشێك لەو نەخۆشانەی ڕوو لەو سەنتەرە دەکەن ئەوانەن کە هەڵگری شێرپەنجەی مەمکن، یان بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان، پێویستییان بە بەدواداچوون و پشكنین هەیە”.
بەڕێوەبەری سەنتەرەكە ئەوەشی گوت: “هەموو ئەو ئامێرانەی پێویستن بۆ سەنتەرەکە وەكوو سۆنار و مامۆگرافیی پێشكەوتوو، لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابین كراون”.
هاوكات، سەنتەرەکە ئاسانکاری بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجەی دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕین دەکات، کە لە سلێمانی و هەولێر لە ژێر چاودێریدان و ڕێگەی دوور و تێچوونی بەردەوامیان كەم دەكاتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دامەزراندنی سەنتەرە پزیشكییەكانەوە، چارەسەری خێرا و پێشكەوتوو پێشكەشی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەكان دەكات، لە هەمان كاتدا ئەم سەنتەرانە فشاری زۆر لەسەر نەخۆشخانە گەورەكان كەم دەكەنەوە و بواریان پێ دەدەن كاراتر بن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر