تا ٢٠ ڕۆژی دیکە دەرفەت لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ماوە بۆ دانانی پارێزگار

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، کەمتر لە ٢٠ ڕۆژ ماوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دەبێت لایەنەکان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکووک ڕێکبکەون، ئەگەر بێت و نەتوانین پارێزگارێک ھەڵبژێرین، ئەوا بابەتەکە دەگاتە دەستی پەرلەمانی عێراق و خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. دەشڵێ: گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بەردەوامە و پارتی لەگەڵ پارێزگارێکی کوردە بۆ کەرکووک.

ڕۆژی پێنج شەممە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٤، کاتژمێر ٥ـی ئێوارە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چوونە ھۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێ کرد، سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و بەرنامەی کار خوێندرایەوە.
ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پرۆسەی دەنگدان لە پارێزگای کەرکووک کرا، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە ٦٦%، سەرەڕای ئەوەی بەھۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، ھەزاران ھاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند، پێنج سەد و پەنجا و نۆ ھەزار و دوو سەد و بیست و یەک دەنگی دروست لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە شازدە کورسی پێکھاتووە یازدە کورسی بۆ پیاو، چوار کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکھاتەی کریستیان، بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو شازدە کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکھاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستھێناوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، کەمتر لە بیست ڕۆژ ماوە بۆ ئەو کاتە یاساییەی کە دیاری کراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دەبێت لەو ماوەیەدا پارێزگار و جێگرەکەی دەستنیشان بکرێن، ئومێدەوارین بتوانین پارێزگارێک دابنێین با چاوەڕوانی ئەو ڕۆژانە بین، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ لە نێوان پێکھاتەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنرێت و بە دڵی ھەموو پێکھاتەکان بێت و شارەکە لەو دۆخە چەقبەستووەی کە تێکەوتووە ڕزگار بکەین، ئێمە وەکو پارتی تەئکید لەوە دەکەینەوە کە دەبێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر خزمەت بە ھەموو پێکھاتەکان بکات.
ڕۆژی یەک شەممە ٢١ـی تەمووزی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کرا، ھاوکات داوا لە لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا بۆ ئەوەی بەزووترین کات حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبھێنن بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک، جەختیان لەوە کردەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و دەبێت کوردێک ببێتە پارێزگار، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ھەموو حزبەکان ھاوڕابوون لەوەی کە لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی بەرپرسی یەکەمی حزبەکان بکرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: دوای کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان بەیاننامەیەک دەرکرا، کۆبوونەوەکەش تەنیا لەسەر پرسی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نەبوو، بەڵکو گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک پرسی ھەستیار و گرنگ کرا، وەکو پارتی ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی حزبە کوردستانییەکان بووینە بەتایبەتی لە کەرکووک، بۆیە پارتی فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کوتلە عەرەبییەکانیش ھەر دوای کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکان بەیاننامەیەکیان دەرکرد و گوتیان ئێمە ئامادەین، تا ئێستا ڕێککەوتن نەکراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕێگری ھەیە پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە، دوای ئەو سی ڕۆژە کە وەکو کات بۆ ئێمە دیاری کراوە، ئەگەر نەتوانین تا ئەو کاتە پارێزگار و جێگرەکەی ھەڵبژێرین، ئەوا بابەتەکە دەکەوێتە دەست حکوومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەو کاتە ئەوان خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بەڵام ئومێدەوارین لەو ماوەیەی کە نزیکەی بیست ڕۆژی ماوە ھەموو لایەک لەسەر بەربژێرێکی ھاوبەش ڕێکبکەون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە کورد بێت و خەڵکی کەرکووک بێت، یەکەم پارێزگار دوای ٢٠٠٣ کاتێک بۆ کەرکووک دانرا، پارێزگارێکی بێلایەن بوو، پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێککەوتبوون و ھەموو پێکھاتەکانیش ڕازی بوون و کێشەیان نەبوو.

ھەواڵی زیاتر