ڕادیۆی شێخان کرایەوە

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی 20ـی پ.د.ک لە شێخان و د.ڤیان سلێمان و سەباح بەیتوڵا، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، میر جەهوەر عەلی بەگ، سەردار یەحیا بەرزنجی، قایمقامی قەزای شێخان و ئیبراهیم شەرەفانی هەرمان میرزا بەگ

ڕاوێژکاران لە ئەنجوومەنی وەزیران، و کەسایەتی حزبی، حکوومی و ئاینی، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی کردنەوەی ڕادیۆی شێخان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی 20ـی پ.د.ک لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هیوای خواست کە ڕادیۆی شێخان بەزوویی پەیام و ڕووانگەکانی خۆی بگەیەنێتە هەمووان.
لەپەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، کە بەشێک لە ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیش ئامادەبوون، سیمینارێک بەنێونیشانی (ڕاگەیاندن و ئەرکەکانی) بۆ د. سالار عوسمان سازکرا و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی کردنەوەی ڕادیۆی شێخان و گوتی: بوونی چارەگە ملیۆنێک دانیشتووان، پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوەی جیاجیا لە قەزای شێخان پێمان دەڵێت، ئەم قەزایە شایانی بایەخپێدانە لە ڕووی میدیاییەوە و کردنەوەی ئەم ڕادیۆیە، بەرسڤی جوانییەکانی ئەم دەڤەرەیە.
گوتیشی: ڕادیۆی شێخان دەبێتە پردی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و حکوومەت و، ڕای گشتی دەگەیەنێت بە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەوێوە چارەسەری ئاریشەکانی هاووڵاتییان بکرێت.
لەبارەی ئەرکی ڕاگەیاندن، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ڕاگەیاندن بریتییە لە ئەرکی کۆمەڵایەتی، هەر وەک چۆن پلاتفۆرم ناونراون تۆڕی کۆمەڵایەتی، کەواتە دەبێت ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە ناو کۆمەڵگەدا.
لەکۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا کاروان باعەدری، بەڕێوەبەری ڕادیۆی شێخان، وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی دەربڕین، کارنامەی ڕادیۆی شێخان ـ ی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.
شایانی باسە ڕادیۆی شێخان لە سەر شەپۆلی (١٠١.٩ )بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەرنامەکانی پەخش دەکات و، دروشمی ڕادیۆکەیش ئەوەیە، کە ڕادیۆی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانە لە دەڤەرەکەدا.

ھەواڵی زیاتر