فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد، لە دیدارەکەشدا پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەت و گەلی بەریتانی و حکوومەت و گەلی کوردستان بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرا، هەروەها میرانی دووپاتی کردهوه کە ناوچەکە ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێ و هیوادارین هەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد.
لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، سەبارەت بە ڕەوشی کوردستانیش فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا کە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی خۆئامادەکردندان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە.
هەروەها میرانی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن سەرەڕای نەناردنی بوودجە و مووچە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە بەغداوە، هیوای خواست ئەم بارودۆخە کۆتایی بێت.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە و عێراق میرانی دووپاتی کردهوه کە ناوچەکە ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێ و هیوادارین هەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
لەلای خۆیەوە (ئەندریو بیزلی) کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پەیوەندیەکان لەنێوان حکوومەت و گەلی بەریتانی و حکوومەت و گەلی کوردستان بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرد و هیوای خواست کوردستان و گەلی کوردستان لە پێشکەوتندابێت.