هه‌ولێر.. كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانیی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌ڕێوه‌چوو

ئەمڕۆ سێشەممە 23-7-2024، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگران و یاریدەدەری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و کشتوکاڵی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبەرەی میری و نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانیی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری هه‌ولێر گرنگی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕوونکردەوە، کە له‌ رۆژی 27.3.2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند.

پارێزگاری هەولێر‌ كاریگه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ی بۆسه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفتی نیشته‌جێبوون و کەمکردنەوەی رێژه‌ی كرێچی له‌ ریزی فه‌رمانبه‌رانی روونكرده‌وه‌ و ئه‌م بڕیاره‌ی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگی وه‌سفكرد.

هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد، ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌ كه‌مترین تێچوو و رۆتین ئه‌نجام بده‌ن و په‌له‌ له‌ رێككاره‌ ئیداری و هونه‌رییه‌كان بكه‌ن.

ئەوەشیخستەڕوو، لە كاتی دیاریكردنی شوێنی زه‌وییه‌كان، پرسی ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاری هه‌ولێر ڕەچاوکراوە و گوتیشی: ئه‌م هه‌نگاوه‌ سوود به‌ فراوانبوونی شاری هه‌ولێر ده‌گه‌یه‌نێت.

بابه‌تی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی به‌و زه‌وییانه‌ و زه‌وییه‌كانی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مڕوه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌وله‌وییه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خوودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ زه‌وییه‌كان و سوودمه‌ند بوونی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانه‌ و له‌مڕووه‌ هه‌نگاوی جددی نراوه‌.