پرۆژەی دەروازەی زاخۆش لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی بیست و پێنج ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌شتیاری له‌ زاخۆ داندرا و بڕیاریشه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی دیكه‌ له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ جێبه‌جێ بكرێت.

٢٢ی ته‌مووزی ٢٠٢٤، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ژێر چاودێری گۆهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، له‌ ڕێوه‌ڕه‌سمێكدا، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌شتیاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا.
تێچووی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ بیست و پێنج ملیۆن دۆلاره‌، به‌ ناوی ڤیا پۆرت زاخۆیه‌ و له‌ گوتارێكیدا گۆهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ڕایگه‌یاند؛ دوای بوونی زاخۆ به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، كه‌رته‌كانی كاره‌با، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌ و ڕێگاوبان له‌ سنووره‌كه‌ زۆر باش پێشكه‌وتووه‌.
گوهدار شێخۆ گوتی، “له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ شایسته‌ی ئه‌و خزمه‌تكردنه‌ن”.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داوای له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارانی سنووره‌كه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان كرد، له‌ سنووره‌كه‌یاندا وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا بكه‌ن، كه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشكه‌شی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كه‌ن.
له‌ گوته‌یه‌كیدا محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، بێجگه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ جێبه‌جێ كراوه‌، چه‌ندین پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژی دیكه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان باسی له‌وه‌ كرد، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، پڕۆژه‌ی ده‌روازه‌ی زاخۆیه‌، كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕووبه‌ری زیادتر له‌ ده‌ هه‌زار و هه‌شت سه‌د دۆنم زه‌وی جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان هه‌لی كار بۆ هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێت.
به‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌ ٢٠ ی ئه‌یلوولی ٢٠٢١، ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دامه‌زرێندرا، كه‌ به‌گوته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه‌، له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌وه‌، ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ زیادتر ئاوه‌دانی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌ت گوزاری له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رزه‌، هاوكات كار و ڕایكردنی مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیش له‌ ده‌زگه‌كانی میری ئاسانتر ڕای ده‌كرێت، كه‌ حه‌وت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نوێ له‌و سنووره‌ كروه‌ته‌وه‌ و حه‌ڤده‌ نووسینگه‌ و بنكه‌ و به‌ش كراونه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی.
به‌پێی ئاماره‌كان له‌ كاتی دامه‌زراندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆوه‌ تا ئێستا، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و سی ملیار دیناری عێراقی، دوو سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و بچووك له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ دوو سه‌د و هه‌ژده‌ پڕۆژه‌یان ته‌واو بوونه‌ و خراونه‌ته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و شه‌ست و هه‌شت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریش له‌ جێبه‌جێكردندانه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو ده‌بن.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، له‌دوای بوونی زاخۆ به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، نه‌وه‌ت پڕۆژه‌ له‌ بواری شاره‌وانی و ڕێگا و پرد جێبه‌جێكراوه‌، حه‌ڤده‌ پڕۆژه‌ش له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا بنیاتنراوه‌ و چل و پێنج پڕۆژه‌ له‌ كه‌رتی ئاو و ئاوی ژێر زه‌وی و چاندن ڕۆنراوه‌.
هاوكات هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، بیست پڕۆژه‌ له‌ بواری ته‌ندروستی بنیاتنراوه‌ و سی و سێ پڕۆژه‌ش له‌ كه‌رتی كاره‌با و شازده‌ پڕۆژه‌ش له‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار جێبه‌جێكراوه‌، له‌ كه‌رتی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت و ئه‌وقافیشدا، په‌نجاو چوار پڕۆژه‌ پێشكه‌شكراوه‌ و ٨١%ی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی زاخۆ قیركراون.