کاسبکارانی بازاڕی چەلێی دهۆک سکاڵا لەسەر تۆمەتبارانی سووتانی بازاڕەکە تۆمار دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاسبکارانی بازاڕی چەلێی دھۆک، دەڵێن، ئەوە زیاتر لە سێ مانگە بێ داھات ماینەتەوە، ھۆکاری ئەمەش ھەموو پەکەکەیە، بۆ ئەو مەبەستە سکاڵامان کردووە بۆ ئەوەی تۆمەتباران بە سزای خۆیان بگەن. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی دھۆک، گوتی: لە سکاڵاکە داوای دوو شتمان کردووە یەک قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان، دووەمیش ئەو تۆمەتبارانە بەپێی یاسا سزا بدرێن.

بازاڕی چەلێ یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانی پارێزگای دھۆک و دەکەوێتە سەنتەری شاری دھۆک و بە یەکێک لە شوێنە قەرەباڵغەکانی شارەکە دادەنرێت و خەڵکێکی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر بەردەوامی جووڵە و جموجۆڵەکانی نێو ئەو بازاڕەیە.
لە ئاگرکەوتنەکەی بازاڕی چەلێ کە ١ی مانگی چوار بوو، نزیکەی دوو سەد و شەست دووکان سووتان، زیاتر لە ھەشتا دووکان بە تەواوەتی سووتان و حەوت بیناش لەناو چوون، کە سێ لەو بینایانە پێویستیان بە ڕووخانە.
سووتاندنی بازاڕی چەلێ، ھەولێر و کەرکووک کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو، وەکو کاسبکاران دەڵێن، ئەوە ھەموو پەکەکە بووە، بۆیە سکاڵامان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی تۆمەتباران بە سزای خۆیان بگەن و ئێمەش قەرەبوو بکرێینەوە.
کاسبکارانی بازاڕی چەلێ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە دەستی ھاتووە بۆ ئێمەی کردووە، شەو و ڕۆژ لە بازاڕەکە کار دەکات، بۆ ئەوەی دووبارە لەسەر پێیەکانی خۆمان بوەستینەوە و دەست بە کاری ڕۆژانەمان بکەینەوە.
پێشتر میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە ١-٧-٢٠٢٤، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، ئەندامی پەکەکەن، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، بازاڕەکانی کەرکووک، دھۆک و ھەولێر ئاگریان تێبەردرا و دەرکەوت کە تۆڕێکی ترسناک لە پشت ئەم ڕووداوانەوەیە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، گوتیشی: ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە بە ھەماھەنگییەکی بەرز ئەنجامدراوە، چونکە دوو لە تۆمەتبارەکان لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کران، تۆمەتبارێکی دیکەش لە پارێزگای دیالە دەستگیر کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئاشکراشی کرد: دوای ئاگرکەوتنەوەکەی کەرکووک، دھۆک و ھەولێر، تیمێک بە سەرپەرشتی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیران و عەبدولئەمیر ئەلشەممەری وەزیری ناوخۆ پێکھێنرا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: مەبەست لەم ئاگرخستنەوانە، تێکدانی ئابووری خەڵک و ھەروەھا زیانگەیاندنە بە نان و قووتی خەڵک، دەیانەوێ بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و حکوومەت تێکبدەن و خەڵک لە حکوومەت تووڕە بکەن.
سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی دھۆک خۆی بە خاوەنی ئەو کەیسە دەزانێت و بەشێک لە پارێزەرانی خۆبەخش ئامادە کردوونە بۆ ئەوەی مافی خاوەن دووکان و کاسبکاران بگەڕێنێتەوە. وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی دھۆک، ڕایگەیاند، خۆمان بە خاوەنی کێشەی دووکاندارەکان دەزانین و ئەوەی کارەکەی کردووە دەبێت سزا بدرێت، لە سکاڵاکەش داوای دوو شتمان کردووە یەک قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان، دووەمیش ئەو تۆمەتبارانە بەپێی یاسا سزا بدرێن.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی دھۆک، گوتیشی: زیانی سەر ئەو دوو سەد و شەست دووکانە گەیشتووەتە ھەشت ملیار دینار و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم چوار ملیار دیناری وەکو ھاوکاری بە دووکانداران داوە نەک وەکو قەرەبووکردنەوە.

ھەواڵی زیاتر