لە مەڕاسیمێکدا رێز له‌ نووسه‌ر و فۆلكلۆریست پیرداود مه‌خموری گیرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

له‌ ژێر چاودێری پارێزگاری هه‌ولێر، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی وێژه‌یی له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌دا رێزی له‌ نووسه‌ر و فۆلكلۆریست “پیرداود مه‌خموری” نا .

له‌و مه‌راسیمه‌دا، كه‌ فه‌رهه‌نگ غه‌فوور به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ نووسه‌ر و رۆشنبیران ئاماده‌یی بوون، كاروانی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر و فۆلكلۆریست پیرداود مه‌خموری خرایه‌ روو.
دواتر پێشانگایەکی تایبەت لەلایەن کوڕی پیرداود مەخموری کرایەوە.
هاوكات “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هه‌ولێر، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ قه‌ڵه‌می مامۆستا پیرداود مه‌خموری به‌حوكمی مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ند و کۆنی کورد و کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی، خۆی له‌ قه‌ره‌ی هه‌موو بواره‌كان داوه‌، ئه‌ده‌ب، وه‌رگێران، سروشتی جوانی کوردستان، داب و نەریت، ئایین، زمان، مێژوو، هه‌موو ئه‌وانه‌ بابه‌تی خاوی قه‌له‌می جوانی مامۆستا پیرداود مه‌خموری بوونه‌.
به‌ پله‌ی یه‌كه‌م رۆح خستنه‌ به‌ری جه‌سته‌ی فۆلكلۆری ره‌سه‌نی كوردی، كه‌ له‌ هه‌موو جیهان وەکو سامانێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا ده‌کرێت و خۆشبه‌ختانه‌ كوردیش به‌و سامانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌.
گوتیشی: هیوای له‌شساغی و ته‌مه‌ن درێژی بۆ مامۆستا پیرداود مه‌خموری ده‌خوازم و ئه‌و مه‌راسیمه‌و له‌وه‌ش زیاتری قابیل و شایسته‌یه‌ .
له‌ كۆتایشدا له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێر، و ئاماده‌بووان قەلغان و خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ نووسه‌ر و فۆلكلۆریست “پیرداود مه‌خموری”.