پرسی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەریکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت

پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە بە گوێرەی یاسا دەبێت لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابین بکرێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام کێشە و لەمپەری بۆ دروست کراوە و هەر جارە و بە بیانوویەک دوا کەوتووە یان وەک پێویست نەنێردراوە بەڵام لەم مانگەوە هەست دەکرێ دۆخەکە خەریکە ئاسایی دەبێتەوە.

هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکی کەمی تەکنیکی و یاسایی بەشی زۆری سیاسی بوون و بەغدا هەر جارە و بە بیانوویەک هەوڵی داوە کێشە بۆ لیستی مووچەخۆران دروست بکات و هەر جارە و داوایەک لە بەغداوە گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکەش بۆ ئەوەی بیانووەکە ببڕێت دووبارە چاوی بە لیستەکەدا خشاندووەتەوە و بەو شێوەیەی بەغدا داوای کردووە، ڕەوانەی کردووەتەوە و سەرەڕای ئەمە دیسان دەستی دەستی پێ کراوە و بە بیانووی وردبینی، مووچەخۆرانی کوردستانیان لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە.
بۆ نموونە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ٢٩ی حوزەیران لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.
وەزارەتی دارایی عێراق دوای زیاتر لە دە ڕۆژ وردبینی، لە نۆی تەممووز پارەی تەواوکاریی مووچەی نارد کە بڕەکەی چوارسەد ملیار دینار بوو و پێشتریش بڕێک ڕەوانە کرابوو و لە شەشی تەممووز دابەش کرا کە خانەنشینی سەربازی و مەدەنی و کەسوکاری شەهیدانی لەخۆ دەگرت. وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نۆی تەممووز خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ڕاگەیاند و بەگوێرەی خشتەکە لە ١١ و ١٢ی تەممووز مووچە دابەش کرا.
مووچەی فەرمانبەران لەچاو مانگی ئایار زووتر لە کاتی خۆی دابەش کرا و لە چاو مانگی نیسان دۆخەکە زۆر باشتر بوو چونکە لەو مانگەدا سەرووی مانگ و نیوێک دواکەوتبوو.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد. وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە.
بەو پێیە دەردەکەوێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستوبردی کردووە و لەچاو مانگی ڕابردوو هەفتەیەک زووتر لیستی ڕەوانەی بەغدا کردووە و ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق بە هەمان ماوەی مانگی ڕابردوو وردبینی بکات ئەوا دەبێت ئەم جارە هەفتەیەک زووتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێ و بە واتایەکی تر لە سێ و چواری ئاب پێویستە مووچەی مانگی تەمووز دابەش کرابێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردبوو لیستی مووچە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن و هیچ مانگێک لە ١٠ی مانگەکە تێنەپەڕێت و ئەو بڕیارەش کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی لیستەکە لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە زووتر بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.
هێشتا دیار نییە حکوومەتی عێراق چ بیانوویەکی نوێ دەگرێت هەرچەندە لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لیژنەیەک لە وردبینییەکانی بەردەامە.
دوای ئەوەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دواکەوتبوو لە ١٧ی تەمووز مووچەی هەر دوو مانگی ئایار و حوزەیران بەیەکەوە بەسەریاندا دابەش کرا و ناردنی مووچەکەش لەسەر داواکاری و ڕێککەوتن بوو نەک یەکلابوونەوەی وردبینی مووچە دیار نییە بۆ مانگی تەمووز کێشەکە یەکلا دەبێتەوە یان بیانوویەکی تر دەدۆزۆرێتەوە.
بەداخەوە گرنگترین هەواڵی زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان مووچەیە و زۆر جاریش هەواڵی ناڕاست لەبارەی بڵاو دەکرێنەوە و هەنگاوەکان بەرەو ئەوە دەچن چیدی مووچە هەواڵی سەرەکی میدیاکان نەبێت و وەک مافێکی سەرەکیی مووچەخۆران مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.

ھەواڵی زیاتر