پڕۆژەی سیستەمی چاودێری تەندروستی کارا دەکرێت

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەستدەکرێت بە دامەزراندنی سیستەمی زانیاریی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەستنەوەی دام و دەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی بە یەکتر، هاوكات بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستییە لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتاڵیا و زانکۆی ڕۆما، كۆتایی هەفتەی ڕابردوو کۆنفرانسی سیستەمی زانیاریی تەندروستی لە هەولێرئەنجام دا.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەو پرۆژەیە بەهۆی چەند قەیرانێک لە هەرێمی کوردستاندا سستی بەخۆیەوە بینی و بەهۆی ڕووبەڕووبونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا تا ڕادەیەک کارەکانی ڕا وەستا.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: خۆشبەختانە بە هۆی ویستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وە بە تایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئیتاڵیا و سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەم پرۆژەیە بۆ جارێكی تر لە ڕێگەی ڕێككەوتنامەیەكی هاوبەش دەستیپێكردەوە بە شێزازێكی فراوانتر.
لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، وڵاتی ئیتالیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگیان كرد بۆ دروستكردن و دەستپێكی سیستمەێكی تەندروستی کە لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. پڕۆژەکە بنەمایەکی گرنگە بۆ سیستەمی تەندروستی، چونكە دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیان كە بارودۆخی تەندروستی بە شێوەی ستانداردی پزیشكی لە سەرەوە بۆ خوارەوە چاودێری بكرێت. هەر سیستەمەکە، دۆزینەوەی ئامار و داتا پزیشكییەكان زۆر ئاسان و دەخاتە بەردەست.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری و چاکسازی و پێشخستنی سیستەمی تەندروستی و لە هەمانکاتیشدا پێدان و بەدەستگەیشتنی زانیاری دروستە لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی و سەنتەر و بنكە تەندوستییەكان دەربارەی دەستنیشانكردنی نەخۆشی و وردەكاری نەخۆشییەکان و بارودۆخی دایك و منداڵ و لەدایكبوون و مردن.
شایەنی باسە پێشتر ئەم سیستەمە لە ٦٠ نەخۆشخانە و بنكە و سەنتەر كاری پێ كراوە و لە هەر سەنتەرێكیش دوو كەس ڕاهێنراون بۆ كارپێكردنی سیستەمەكە.

ھەواڵی زیاتر