بە گوژمەی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی خانەقا لە وەرتێ جێبەجێ دەکرێت

بە گوژمەی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئاوی گوندەكانی دۆڵی خانەقا لە سنووری ناحییەی وەرتێ‌، بۆ جاری دووەم دەرێتە تەندەر و جێبەجێدەكرێت.

تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ڕایگەیاند: لە درێژەی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ سەنتەری شار و شارۆچكە و گوندەكانی سنوورەكەمان، دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكانی دۆڵی خانەقا لە سنووری ناحییەی وەرتێ‌.
وتیشی: گووژمەی پڕۆژەكە بریتییە لە دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار، بۆ جاری دووەم دەرێتە تەندر و دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.
جێگای ئاماژەیە لەناوچەکانی وەکو ڕواندز و قەسرێ و سۆران و وەرتێ، چەندین پڕۆژەی ئاو جێبەجێکراوە وەکو، چەند پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای ڕواندز و ناحیەی قەسرێ‌ دەست بەجێبەجێ كردنیان کرا، هەروەها پڕۆژەكان بریتی بوون لە تەرخانكردنی زیاتر لە ٢ ملیار دینار بۆ ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ناحیەی قەسرێ‌، هەروەها بۆ پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاكۆیان لە سنووری قەزای ڕواندز قۆناغی یەكەم بڕی ٣٠٠ ملیۆن دینار تەرخانكراوە، بۆ پڕۆژەی دۆڵی خانەقا سەربە ناحیەی وەرتێ‌ بە هەمانشێوە ٣٠٠ ملیۆن دینار تەرخانکرا، جگە لەم پڕۆژانە كاركردن لە چەند پڕۆژەیەكی دیكەی ئاو بەردەوامە و هەروەها ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە لە بەرنامەو پلانی داهاتوودایە.