سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەیەک “وەکوو دیاری” بۆ خەڵکی هەولێر ڕادەگەیەنێت

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەک بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی کەمئاوی، وەکوو “موژدە و دیاریی” بۆ خەڵکی هەولێر ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-07-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی دانا و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەبارەی چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگاکە.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ چاره‌کردنی كێشه‌ی كه‌مئاوی وەکوو “موژدە و دیارییەک” بۆ خەڵکی هەولێر ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، ئەو پرۆژەی سەرۆکوزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا له ‌قۆناغی كۆتایی جێبه‌جێكردندایە و به‌ تەواوبوونی پڕۆژه‌کە، كێشه‌ی کەمئاوی له‌ ته‌واوی سنووری پارێزگای هه‌ولێر چاره‌ ده‌بێت.

ئومێد خۆشناو دووپاتیشی كرده‌وه‌، چاره‌كردنی گرفتی ئاو له‌شاری هه‌ولێر له‌ پێشینەی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌. گوتیشی، له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان گرفتی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك چاره‌ كراوه‌، ئه‌و شوێنانه‌ش ماون، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیك گرفته‌كانیان چاره‌ ده‌بن.

پارێزگاری هەولێر بە پێویستی دەزانێت مێدیاكان و مامۆستایانی ئایینی هاوكار بن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌باره‌ی چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی ئاوی پاك و زێده‌ڕۆیی نه‌كردن له‌ به‌كارهێنانی.

خەرجیی بەرهەمهێنانی ئاو ساڵانە زیاتر لە 550 ملیار دینارە

مانگانه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 46 ملیار دینار، بۆ ته‌رخانكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان خه‌رج ده‌كات و بەشێوەیەکی گشتیی ڕۆژانه‌ دوو ملیۆن و 784  هه‌زار و 606 مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ هاووڵاتییان.

به‌ كۆكردنه‌وه‌ی بڕی خه‌رجی و تێچووی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی ئاوی خاوێن بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار داتای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌سته‌، كه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ 550 ملیار دینار، له‌ لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌ بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خه‌رج ده‌كرێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به‌ سامانی ئاوی ژێرزه‌وی كه‌م بكرێته‌وه‌ و ئاوی سه‌رزه‌وی، به‌ تایبه‌تی ڕووباره‌كان، ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می دابینكردنی ئاو.

بۆ ئەم مەبەستەش وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، 81 پرۆژه‌ی ئاوی له‌سه‌ر ڕووباره‌كان هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاره‌ گه‌وره‌كان و ناوچه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئاوی ژێرزه‌وی، وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی نه‌بوونی سیاسه‌تی به‌كارهێنانی ئاو له‌ ڕابردوودا، پێنج هه‌زار و 787 بیری ئاو وه‌ك سه‌رچاوه‌ی دووه‌می دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیرێت. به‌شێك له‌و بیرانه‌ ئاستی ئاو تێیاندا دابه‌زیوه‌ و حكوومه‌ت ستراتیژی پشتبه‌ستن به‌ ئاوی سه‌رزه‌وی خستووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوانه‌ كه‌متر بكرێنه‌وه‌ و پارێزگاری له‌ سامانی ئاوی ژێرزه‌وی بكرێت.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، گرتنه‌به‌ری ڕێكاری به‌په‌له‌ و پێویسته‌ بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گرفتی نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی به‌ هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ زیانی زۆریان به‌ر كه‌وتووه‌ و ئاستی ئاوی ژێر زه‌وییان به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه‌، یان سوودمه‌ند نه‌بوونه‌ له‌ پرۆژه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌، سه‌دان هه‌زار لیتر ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ ماڵان له‌ ناوچه‌ دوورەده‌سته‌كان و گونده‌كان دابین ده‌كرێت.