لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە دەست بە تۆماركردنی قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەكانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە كرا و سبەی دوا وادەی تۆماركردنە.
زمناكۆ عومەر، گەنجێكی تەمەن 24 ساڵانە و لە نۆرەی تۆماری ژمارەی دڵخوازی خۆی ڕاوەستاوە، ئەو گەنجەیە هەروەك خۆی دەڵێت، لە كاتژمێر سێی بەرەبانەوە ڕاوەستاوە بەو ئومێدی بەدەسهێنانی ژمارەی دڵخوازی خۆی.
زمناكۆ نوێژی بەیانی لەگەڵ هاوڕێكانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە كردوە، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی كاتی دەوامی فەرمی زۆر بە زەحمەت توانیویەتی ژمارەی دڵخوازی تۆمار بكات.
زمناكۆ تەنها كەس نییە كە ڕۆژانە بەمەبەستی تۆماركردنی ژمارەی دڵخوازی بێتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بە گوێرەی بەدواداچوونەكانمان ڕۆژانە سەدان هاووڵاتی لە بەردەم تیشكی بەتینی ڕۆژ ڕاوەستاون بەو ئومێدەن ژمارەیەك تۆمار بكەن، بەشێكی زۆری ئەو گەنجانەی لە نۆرەی تۆمار ڕاوەستاون بەو ئومێدەن بتوانن دواتر ژمارەكە بفرۆشنەوە و لەو ڕێگەیەوە قازانجێك بكەن.
تەنها هەڵەبجەییەكان نا بەڵكو بەشێكی دیاری هاووڵاتیانیش لە شارەكانی تری كوردستانەوە بەشدارن لە تۆماركردنی ژمارەی دڵخوازی خۆیان، بە تایبەت لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر.
ئەگەر چی سەرەتا بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بەنیازبوو بۆ قۆناغی دووەمی ژمارەی دڵخواز، بە شێوەی تۆماری ئۆنلاین هاووڵاتیان ناو تۆمار بكەن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی بەشداربووان نەتوانرا پرۆسەكە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبەرن، بە گوێرەی بەدواداچوونمان ڕوون بوویەوە تەنها لەو شەوەدا زیاتر لە 300 هەزار هاونیشتمانی لەسەر هێڵ بوون.
لە ئێستادا هاووڵاتیان دەتوانن ژمارە دڵخوازەكانیان لە ژمارە هەزارەوە تۆمار بكەن تاوەك 99998، ژمارە دڵخوازەكان لە بازاڕدا نرخەكانی زیاترە لە نرخی فەرمی حكوومی ئەمەش بوەتە هۆی داخوازی زۆری هاووڵاتیان.
هاوكات، لە ڕۆژی دووەشەمەی ڕابردوەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە دەستی كرد بە تۆماركردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و هەر هاووڵاتییەك لە هەر كوێی كوردستان، خوازیاربێت ئۆتۆمبێلەكەی لە هەڵەبجە تۆمار بكات لە ئێستەدا دەتوانێت سەردانی بەڕێوبەرایەتی هاتۆچی هەڵەبجە بكات.
هەر هاووڵاتییەکیش خوازیاربێت ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی بكات بە ژمارە ئۆتۆمبیلی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، دەتوانێت گواستنەوەی تۆماری ئۆتۆمبیلەکەی بکات لەبەڕێوبەرایەتییەکانی تری هاتوچۆی هەرێم بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە .
پاشخان
رۆژی 22ی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و لەو سەردانەشیدا، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە ڕاگەیەندرا، بەپێی ڕێنماییەكانی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ــی وەزارەتی ناوخۆ و نرخیان دوو ملیۆن دینارە و ئهو داهاتهی له پرۆسهی پێدانی تابلۆكان دهست دهكهوێت، دهخرێتهوه خزمهتی پرۆژه و خزمهتگوزارییهكانی شاری ههڵهبجه.