نێچيرڤان بارزانى هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح ده‌پرسێت

له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، نێچیرڤان بارزانی، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح به‌رپرسى لقى 22ـى پارتى ديموكراتى كوردستانى پرسى.

سێشه‌ممه‌، 16ـی تەمموزی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح به‌رپرسى لقى 22ـى پارتى ديموكراتى كوردستانى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، ڕزگار بوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى هه‌واڵپرسى و هيواى سه‌لامه‌تى بۆ خۆى و ياوه‌رانى بريندار بوو، سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى تيرۆرى سياسى كرد، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان به‌دواداچوون بۆ كه‌يسه‌كه‌ ده‌كه‌ن تاكو بکەرانی ئەو هەولە تیرۆرستییە بدۆزرێنه‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

ڕاشیگەیاند، لاى خۆيه‌وه ئه‌كره‌م ساڵح، وێڕاى ئاماژه‌كردن به‌ چۆنيه‌تيى هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌كه و زيانه‌كانى‌، سوپاس و پێزانينى بۆ خه‌مخۆرى و هه‌واڵ پرسى و به‌دواداچوونى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.