د. فەرهاد حەسەن پسپۆری ئاوی سازگار: ئاوی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی خاوێنە و بۆ خواردنەوە دەشێت

ئا – محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئاو یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکان بۆ لەشی مرۆڤ کە لە پێناو تەندروستییەکی باشتر، پێویستە ڕۆژانە بڕی پێویستی لێ بخورێتەوە. ئاوی خاوێنیش ئەو ئاوەیە کەهیچ ماددەیەکی کیمیایی و زیندەوەرە وردەکان و هیچ میکرۆبێکی تێدا نەبێت و بەوە ناسراوە کە بێ تام و ڕەنگ و بۆنە.

ئاو مادەیەکی توێنەر و گوێزەرەوەیە کە هیچ جووڵە و کارلێکێکی مادەکان بە سوودبەخش و زیانبەخشەوە لە لەشدا ڕوونادات بەبێ ئاو هەر بۆیە، تەندروستی گشتی خەڵک لەسەر کوالیتی ئەو ئاوە بەندە کە دەیخواتەوە ئایا تا چەند بەپێی پێوەرە تەندروستییەکانە، چونکە ئاوی پیس هەڵگری چەندین جۆر ڤایرۆس و نەخۆشییە.
ئەگەر بمانەوێت بزانین ئاوێک شیاوە یان نە شیاوە بۆ خواردنەوە تەنها( تام و بۆن و ڕەنگ ) پێوەر نیە چونکە زۆربەی پیسکەرەکان و ماددە ژەهریەکان تام و بۆن و ڕەنگیان نیە، بۆیە باشترین ڕێگە بۆ بەرگریکردن لەو ماددانە بەكارهینانی فلتەرە بۆ ئاو بۆ گرتنی ماددە کیمیایی یە نادیارەکان. بە پێی ڕاپۆرتێکی بریکاری ژینگە پارێزی ئەمەریکی EPA ئاوی پاک لە جیهاندا کەمە و ڕێژەی ‌‌‌‌‌٩٠٪ی ئاوی جیهان بە یەکێک لە هۆکارەکان پیس بووە .
پرۆفیسۆر د. فەرهاد حەسەن پسپۆری ئاوی سازگار دەڵێت: “ئاوی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی خاوێنە و بۆ خواردنەوە دەشێت، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین ئاو تایبەتمەندی خاکەکەی وەردەگرێت واتە خەسڵەتی ئەو شوێنە وەردەگرێت کە پێیدا تێپەر دەبێت بۆ نمونە شوێن هەیە کلسی زۆرە و شوێن هەیە مەگنسیۆمی زۆرە و شوێنیش هەیە خاوێنە بۆیە دەبێت بەپێی ئەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، بەڵام بەگشتی ئاوی کوردستان لە ئاوی زۆربەی وڵاتانی دیکەی دنیا خاوێنترە.”
ئاماژەشی بەوە کرد کە ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە زۆر ڕووەوە خاوێنە بەڵام ئاوی کوردستان بە گشتی کلسی زۆرە کە زیانی بۆ تەندروستی گورچیلە هەیە و بۆ چارەسەری ئەمەش پێویستە ساڵانە تانکی ئاوی سەربان خاوێنبکرێتەوە و جگە لەوەش پێویستمان بە دانانی فلتەری خاوێنکردنەوەی ئاوە لە ماڵەکاندا چونکە بەشێکی ئەو کلس و میکرۆبانەی لە ئاودا هەیە بە کوڵاندن لەناوناچێت و تەنیا لەڕێگەی ئەو فلتەرەوە خاوێندەکرێتەوە.
پێویستە ئاگاداری ئەوەبین کە زۆرێک لەڕێگەی کوڵاندنی ئاوەوە هەوڵی خاوێنکردنەوەی دەدەن بەڵام کوڵانی ئاو تەنها دەبێتە هۆی کوشتنی میکرۆبەکان بەڵام لە مادە کیمیایی یە زیان بەخشەکان و ماددە ژەهریەکان ڕزگارمان ناکات و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەیتی ئاو و ماددە کیمیاییەکان و کەمبوونی ئۆکسجینی تواوە لە ئاودا وە تێکچوونی تامی ئاوەکە و نیشتنی کاربۆناتی کالسیۆم و مەگنسیۆم بە شێوەی بەڵغ وکلس.

ھەواڵی زیاتر