دوای ئەوەی ڕۆژی 2ی تەمووز لە دانیشتنێکدا بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا مووەحەدە، کە خاوەنی 13 کورسین لە ئەنجوومەنەکە، ئەنجوومەنی پارێزگاکە چەند بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا گۆڕانکارییان لە 2٠ پۆستی ئیداری سنوورەکە ڕاگەیاند. هەر زوو فراکسیۆنی پارتی و چەند لایەنێکی دیکە تانەیان لێدا و بڕیارەکان بە پوچەڵ و نایاسایی لە قەڵەمدران.
لەو بارەیەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە و لەبارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی پارێزگاکەوە ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو گۆڕانکارییانە نایاسایی و نادروستن.
موحسین مەندەلاوی، سەرکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، بە نووسراوی ژمارە (580) کە لە (4ـی تەمموزی 2024) کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کراوە، تێیدا دوای ڕوونکردنەوەی ماددەکانی 8 و 51 لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ڕێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێم، ئاماژەی بەوەکردووە: بڕیارەکانی دانیشتنی ژمارە 14ی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پووچەڵن و پێچەوانەی یاسان.
مەندەلاوی لە نووسراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەو بڕیارانەی داویەتی، هەڵبوەشێنێتەوە و پابەندی نووسراوە یاساییەکان بێت هەر وەکو لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ڕێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێم بە ژمارە (21)ـی ساڵی 2018 هاتووە.
هەر نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیارەکان هەڵنەوەشێنێتەوە ئەوا داوا لە داواکاری گشتیی دەکەن، بەپێی ماددەی 329 لە یاسای سزاکانی ژمارەی 111ـی ساڵی 1969، داوای یاسایی بجووڵێنێت و هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی یاسا.
هەر سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری لێدرا، دهستهی باڵای ههماههنگیی له نێوان پارێزگاكان له ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێكی ئاراستهی ئهنجوومهنی پارێزگای نهینهوا كرد وداوا دهكات بڕیارهكانی ڕابگرێت.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوە کە لە دانیشتنی 2ی تەموز دەری کردووە گۆڕینی 7 قایمقام و 13 بەڕێوبەری ناحیەیە لە سنووری پارێزگای نەینەوە و هەر زوو وەک ناڕەزایی فراکسیۆنی پارتی و مووەحەد وەک هەڵوێست وەرگرتن دژی بڕیارەکان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنەکە هەڵپەسارد.