پرۆژەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕێگری لە کۆچی ئێزدییەکان دەکات

سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پاڵپشتی دارایی مانگانەی مەسرور بارزانی، بۆ کچان و ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش، ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە لەم قۆناغەدا زۆربەی ئێزدییەکان ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین، ھەروەھا ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت ڕێگری لە کۆچی ئێزدییەکان دەکات. دەشڵێ: لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکی حکوومەت سەنتەرێکی پشتگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی، بۆ گرنگیدان بە ڕزگاربووانی داعش و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆیان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی ڕزگاربووان و قوربانیانی دەستی داعش بکات.

ڕۆژی سێ شەممە ڕێوڕەسمی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوون و پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە ڕزگاربووانی دەستی داعش و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی ئێزدییەکان، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم و عێراق، بەڕێوەچوو.
ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی پاڵپشتیی مانگانەی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا ئەو ژن و کچە ئێزدیانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، مانگانە ھاوکاری داراییان پێشکەش دەکرێت. لە ڕێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم، ھەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی ھەبووە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕفێنراوانی ئێزدی و پێکھاتەکانی تر لە دەست تیرۆریستانی داعش، لە ھەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووس و کارکردن بۆ ڕزگارکردنی ھەموو ئەوانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن.
گوتیشی: دوای دە ساڵ لەو کارەسات و کۆمەڵکوژییە، ھێشتا بارودۆخی شنگال بەھۆی خۆسەپێنیی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە ئاسایی نەبووەتەوە، پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بھێندرێت و ڕێککەوتننامەی شنگال وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بکرێتەوە.

*ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش چۆن دەبینی؟

  • ئەو کچ و ژنانەی کە کەوتبوونە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئێش و ئازارێکی زۆریان بینی، پاش ڕزگارکردنی زیاتر لە سێ ھەزار و پێنج سەد کەس بە ھاوکاری حکوومەتی ھەرێم، وەکو بنکەی لالش پڕۆژەیەکمان پێشکەشی سەرۆکی حکوومەت کرد، ھەر زوو سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕەزامەندی لەسەردا، ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران بۆ ھاوکاریی ماددیی کچان و خوشکانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، یەکەم ھەنگاو نییە و پێشتریش سەرۆکوەزیران، ھەرکات پێویست بووبێت ھاوکاریی ئێزدییەکانی کردووە، پاڵپشتی دارایی مانگانەی مەسرور بارزانی، بۆ کچان و ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش، ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە لەم قۆناغەدا زۆربەی ئێزدییەکان ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین، بۆیە ھاوکاریکردنیان لەم قۆناغە جێگای سوپاس و پێزانینی زۆرە، زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، کە بەدەم دەستپێشخەریی بنکەی لالشەوە ھات، ئەو مینحەی بە ڕزگاربووانی داعش دەدرێت، بۆ ھەر یەکێک لەوانە سەد و پەنجا ھەزار دیناری مانگانە دەبێت.

*ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت کاریگەرییەکانی چی دەبێت؟
-ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت بۆ کچ و ژنانی ئێزدی، دڵی ئێزدییەکانی ئاسوودە کرد و ئێزدییەکان ھەست بەوە دەکەن کە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ خەم و ئێش و ئازارەکانی ئەواندایە، بۆیە ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت کاریگەری دەبێت و وا دەکات کە چی دیکە ئێزدییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ نەکەن، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکی حکوومەت ھەنگاوی باشتر دەنێت بۆ پشتگیریکردنی ئێزدییەکان، ھەر بە ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەت لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی پشتگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی، بۆ گرنگیدان بە ڕزگاربووانی داعش و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆیان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی ڕزگاربووان و قوربانیانی دەستی داعش بکات.

  • کێ بە پارەێزەری ئێزدییەکان دەزانن لە عێراق؟
  • سەرۆک بارزانی لە ھەموو کەسێک زیاتر خەمخۆری نەھامەتی و ئازاری ئێزدییەکانە، ئەوەی پێی کراوە کردوویەتی تاوەکو سەربڵندی و کەرامەتی ئێزدییەکان بگەڕێنێتەوە، سەرۆک بارزانی، لەگەڵ ھەر لایەنێک قسە بکات باسی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەکان دەکات، باسی ئەوە دەکات بارودۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەش کاری زۆری کردووە، بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی کە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە ھەر شتێک لە بەرژەوەندی ئێزدییەکاندا بێت سەرۆک بارزانی دەیکات.
  • چ داواکارییەکتان لە حکوومەتی عێراق ھەیە؟
  • حکوومەتی عێراق ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، حکوومەتی ھەرێم یاسایەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە دەرکردووە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەو خاڵانەی لەناو یاساکەدا ھاتوونە جێبەجێ بکات، چونکە ھەتا ئێستا زۆرێک لەو خاڵانە جێبەجێ نەکراون، ئەگەر جێبەجێ بکرێن سوودێکی زۆر بەو کچ و ژنانە دەگەیەنێت کە لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، بۆیە داوا دەکەین حکوومەتی ھەرێم فشار لە حکوومەتی عێراق بکات بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خاڵانەی لە یاساکەدا ھاتوونە.
  • تا چەند پێویستە دۆخی ناھەمواری شنگال کۆتایی پێ بھێنرێت؟
  • ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، داوا دەکەین ھەر چی زووە جێبەجێ بکرێت، چونکە بەجێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە برینی ئێزدییەکان سارێژ دەبێت و دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەداخەوە ھەتا ئێستا یەک خاڵ لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی شنگال ڕۆژبەڕۆژ تێک بچێت، بۆیە دۆخی شنگال پێویستی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال ھەیە، تاوەکو ھەموو ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان، بەڵام بەداخەوە دوای داعشیش ئەو زەمینەیە بۆ ئێزدییەکان بەگشتی و ڕزگاربووانی دەستی داعش نەڕەخساوە، تاوەکو لەسەر ماڵ و گوزەرانی خۆیان بن، حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ھەروەھا ھاوکاریکردنی دۆخی شنگال و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بەرپرسە.

*بۆچی ھەندێک لایەن بەردەوام ھەوڵ دەدەن ئێزدییەکان لە کوردستان داببڕێنن؟

  • ھەموو سەرچاوەکانی مێژوو، کەسایەتی، لێکۆلەر و نووسەرانی ئێزدی دەزانن کە ئێزدی کوردی ڕەسەنن، بۆیە ئێزدییەکان و کوردستان ھیچ کاتێک لێک جیا نابنەوە، ئەوەی ھەندێک لایەن ھەوڵی بۆ دەدەن لە ساڵی شەستەکانەوە ھەوڵی بۆ دراوە بەڵام سەری نەگرتووە و سەریش ناگرێت.
  • بەرنامە و پلانەکانی ئێوە بۆ داھاتوو چین؟
  • سەرەڕای ئەو پڕۆژانەی کە بەردەوام پێشکەشی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ خزمەتکردنی ئێزدییەکان کار و چالاکییەکانی ئێمە لە بواری ھونەری و ڕۆشنبیری بەردەوامن، وەکو چاپکردنی کتێب و گۆڤار، سەرۆکی حکوومەت پشتگیرییەکی بێ سنوور لە بنکەی لالش دەکات بۆ کردنەوەی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی، ئەو کەناڵە سەر بە بنکەی لالش دەبێت، بۆ ئەوەی پەیامی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بگەیەنێت، ھەموو پێداویستییەکانی ئەو کەناڵە دابین کراون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە و خزمەت بە ئێزدییەکان دەکات.