سەرۆک بارزانی: گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد

سەرۆک بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی دەربڕی و، ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێشتر لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی سوپاسی و ستایشی هەردوو سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا داوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، “گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە” و ” تێڕوانینی هاوبەش”ـیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە و دووپاتیشی کردەوە، “بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی”.

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، “ئەگەر نیازی باش هەبن، هیچ کێشەیەک نابێت، زەحمەت بێت بۆ چارە کردن، سوپاس بۆ خوا ئەم نیازانە هەن و برام، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نیازانە سەرکردایەتیی وڵات دەکات. بەو نیازانەی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە ئاسوودەیە. هیوادارین ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بن”.