دژەتیرۆری کوردستان: لە تەقینەوەکەی سلێمانی دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی بریندار بوون

 – هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کرد: لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی، دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکە بە سەختی بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی تەممووزی 2024)، کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆ، لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی، بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاج تەقییەوە، لە ئاکامدا دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکە بە ناوەکانی (محەممەد خەلیل و محەممەد ئیبراهیم) کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن بە سەختی بریندار بوون.

پێشتریش پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: لە نزیک پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە و هێزەکانی ئاسایش لە شوێنی تەقینەوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئۆتۆمبێلەکە دوو سەرنشینی تێدابووە کە هەردووکیان ئەندامی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکەن و بریندار بوونە.

ھەواڵی زیاتر