پارێزگاری هه‌ولێر پێشوازیی له‌ شاندێكی پارێزگای وان كرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری گه‌یلان حاجی سه‌عید سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر، پێشوازیكرد له‌ نه‌جده‌ت تاكڤا سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی پارێزگای وان و ژماره‌یه‌ك پیاوان كار و ئه‌ندامانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی ئه‌و شاره‌.
له‌ دیدارێكدا پارێزگاری هه‌ولێر وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌ قووڵی و به‌هێزیی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا كرد، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ره‌وتی بازرگانی و ئابووریدا هه‌بووه‌ و داواشیكرد، بره‌و به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بدرێت.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی بۆ هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ پارێزگای وان له‌سه‌ر ته‌واوی ئاسته‌كان نیشاندا و گوتی: ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و له‌مپێناوه‌ش ئاسانكاری ته‌واو بۆیان كراوه‌.
دووپاتیشیكرده‌وه‌ هه‌وڵه‌كان له‌ پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیی نێوان هه‌ردوو ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر و وان چڕتر ده‌كه‌ینه‌وه‌.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ئایینده‌دا هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و وان بره‌و به‌ كه‌رتی گه‌شتیاریی نێوانیان ده‌ده‌ن، كه‌ خاڵكێكی دیكه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی و بازاڕه‌.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی وان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌م دیدار و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌ پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی پارێزگای وان، پارێزگاری هه‌ولێری داوه‌تی پیشانگه‌ی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی شاره‌كه‌ی كرد، كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئه‌یلوولی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
باسی له‌وه‌شكرد، پارێزگای‌ وان له‌ رووی گه‌شتیاری و بازرگانی و كولتووری و پیشه‌سازی و ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ هه‌نگاوی باشی ناوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزگای هه‌ولێر بازاڕێكی به‌هێزی ئابووری ناوچه‌كه‌یه‌، ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی پێكه‌وه‌كاركردنی پیاوانی كاری هه‌ردوولا، ئاڵوگۆڕی بیرۆكه‌ و بۆچوونه‌كان بكرێت.