گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی دیاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە”.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو ئەنجوومەنی وەزیران دەستی کەوتووە، تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە دەنگی بە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە.
هەورامانی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە “شێوەیەکی سەرکەوتووانە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
هەر بە گوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.