سەرۆکوەزیران: بەهەموو شێوەیەک پشتیوانیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت.

جەختیشی کردەوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە هاوکاریی کەرتی تایبەتیش، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراک.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێریی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکوومەت لە بواری بایەخدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن . ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبووە.

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.

سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی 40 تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.

ھەواڵی زیاتر