ڕێبەر ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگاری کەرکووك

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، لەو نزیکانە پارێزگارێک بۆ کەرکووک هەڵدەبژێرین کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشی خەڵکی کەرکووک بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکان کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لێ دەکەینەوە بابەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە تایبەتن بە ماددەی 140 لەوانە شنگال و ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدا هەیە بۆ دروستکردنی لیوا هاوبەشەکان.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بۆ بەغدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو کێشەکان بە ڕێگەی دەستوور چارە بکرێن، هاوکات پێشوازییەکی گەرم لەو پەیامەی مەسرور بارزانی کرا.

لەبارەی پرسی دیاریکردنی پارێزگایەک بۆ کەرکووك، ناوبراو گوتی: بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگاری کەرکووك، هەروەها گفتوگۆێەکی چڕ و پڕ دەکەین لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارێزگارێک بۆ کەرکووك هەڵبژێرین، کە بە ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشی خەڵکی کەرکووک بکات.

ھەواڵی زیاتر