ئەو هاووڵاتییانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە دووبارە دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆمیسیۆن ھەنگاوی بە ئاراستەی چارەکردنی یەکێک لە تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، کە وەرگرتنی پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانەیە کە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو بەھۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان نەیان توانی دەنگ بدەن. بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردسان سێ سەد و پەنجا و پێنج ھەزار و پێنج سەد و شەش ھاووڵاتی کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان ھەیە.

وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەنووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات وادەیەکی نوێ بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
گوتیشی: کۆمیسیۆن ئێستە ئامادەیە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێم گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردن دابنێین، ئێستە قۆناغێکی نوێ ھاتووەتە پێش، دەشڵێت، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کاریگەرییان ھەبوو لەسەر کردنی ھەڵبژاردنی کوردستان و کورسی پێکھاتەکان.
فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: ھەندێک کۆسپ ھەن، دەبێت لاببرێن و چارە بکرێن تاکو سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن دیاری بکات.
جەختیشیکردەوە، پێویستە کۆمیسیۆن پێداچوونەوە بە ڕێککارەکانی خۆی بکات، ھاوشێوەی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی، تاکو ھەرێمی کوردستان بتوانێت ھەڵبژاردن بکات، ئەو کات دەتوانێت بە نووسراوی فەرمی داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. گوتیشی: دوای ھەموو ئەمانە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەین.

ناڕەزایی پێکهاتەکانی کوردستان کۆتایی نەهاتووە
ڕۆژی ٢١ـی ئایاری ٢٠٢٤، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکھاتەکان بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش دەکرێن.
پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاری دابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ سەد کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بەپشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش کردبوو، ھەولێر سی و چوار کورسی، سلێمانی سی و ھەشت، دھۆک بیست و پێنج و ھەڵەبجەش سێ کورسی. ئانۆ جەوھەر، لە ھاوپەیمانی مەسیحی، دەڵێت: کورسییەکانی ئەرمەن، ئاشوور، کریستیان و کلدان، بۆ کەمتر لە نیوە کەم کرایەوە، واتە لە ٥ کورسی کردوویانەتە دوو کورسی، ئەو دووکورسیەشیان پارچە پارچەکردووە.
ئانۆ جەوھەر، باسی لەوەش کرد، ئەگەر ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی نەبوایە، ئەو پێنج کورسییەشمان نەدەبینییەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ھەروەکو چۆن یەکێتیی داوای دابەشکردنی کورسیی پێکھاتەکانی کرد، با ئێستەش بچێت داوای ڕاستکردنەوەی میکانیزمی دابەشکردنەکە بکات، پێویستە دان بە ھەڵەکەی بنێت و داوای ڕاستکردنەوەی بکات.
گوتیشی: لە دابەشکردنی کورسیی پێکھاتەکان پرس بە پێکھاتەکان نەکراوە و ئەو دابەشکردنەی ئێستەش ھەڵەیە.

دوا هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە
پارتی بەردەوام جەختی کردووەتەوە دەبێت پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کوردستان دیموکراسیانە بێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرەکیترین لایەنی سیاسی بوو کە پێداگر بوو لەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستەش پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی شەفافە و گوزارشت لە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان بکات و تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزرێت و ڕێگە نەدرێت بە تێکەڵکردنی ئەجێندای ھەرێمی بە بابەتی ھەڵبژاردن کە دیزاینی پێشوەختەی بۆ کراوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کۆمەڵگەی نێودەڵەتی، تێگەیشتنیان بۆ نیگەرانییەکانی پارتی ھەیە سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوە سەپێندراوەی لە ئارادایە.
پارتی لەسەر ھەڵوێستی خۆی پێداگرە و ھیچ جۆرە دەستوەردانێکی نایاسایی لە ھەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێت ھەموو کەموکوڕییە تەکنیکی و پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکان لە شێوازی کردنی ھەڵبژاردن چارە بکرێن و ڕاست بکرێنەوە. ھاوار محەممەد، شارەزای یاسای ھەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پارتی ھەموو کات ئامادەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ڕوونە.
پێشتر ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی، ڕاگەیاندبوو، ھەڵوێستی پارتی لە بارەی ھەڵبژاردن ڕوونە و دوو ساڵە ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەوانەی لە دەنگی زۆرینەی پارتی دەترسن، تا دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی ھەڵبژاردن کە دەتوانن خۆیان دیزاینی بکەن، ڕێگربوون لە کردنی ھەڵبژاردن.
بەرپرسی لقی چواری پارتی، ڕوونیشیکردەوە: پارتی ھێزێکی بچووک نییە بە ئاسانی لە پرۆسەی سیاسیی بخرێتە دەرەوە، بۆیە ھەموو ھێزە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش دەزانن، ھەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەو سەنگەی نییە و کێش دەیەوێت بەبێ پارتی ھەڵبژاردن بکات، گۆڕەپانەکەی بۆ کراوەتەوە، پارتی ھۆی بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردن ڕوونکردووەتەوە و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوبارەیەوە ھەموو ھۆکارەکانی دیاریکردووە، بۆیە ئەوان بەشداری لە ھەڵبژاردنێک ناکەن تاوەکو پیلانگێڕییەکی گەورە لە ھەرێمی کوردستان لە ئارادا بێت کە ساختەکاری لە ئەنجامی ھەڵبژاردن بکرێت.

چارە کردنی گرفتە تەکنیکییەکان
ژمارەیەک لە حیزب و شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن تێبینییان ھەبوو لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەروەھا نەبوونی پەنجەمۆری نزیکەی دوو ملیۆن و یازدە ھەزار و دوو سەد و حەفتا و سێ دەنگدەر لە ھەموو عێراق، دەبوو پێش ئەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە پرسیار لە کۆمیسیۆن کرابایە لەسەر ئەو کێشەیە. بەرپرسانی کۆمیسیۆن، دەڵێن: ھەموو ئەوانەی پێشتر پەنجەمۆریان نەدەخوێندەوە، ناوەندەکان کراونەتەوە و ئێستە دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی ناوتۆمارکردن بکەن و کێشەکانیان چارە بکەن. سەروان عەزیز، بەرپرسی بنکەی کۆمیسیۆنی مێرگەسۆر، گوتی: لە ٢١ی ئەم مانگەوە دەرگای بنکەکانمان بەڕووی ھاووڵاتییاندا کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی تا ئێستە ناویان تۆمار نەکردووە یاخود لە دایکبووی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ن بێن ناویان تۆمار بکەن، لەگەڵ ئەوانەش کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین ئەمە دەرفەتێکی باشە و بێن ناویان تۆمار بکەن و ئەو دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن لە دەنگدان بێبەش نەبن.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: تۆماری دەنگدەران بەشێوەیەکی بەردەوام نوێ ناکرێتەوە، داتایەکی فەرمی ناوەندیی نییە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا داوا بکرێت و ئامادە بکرێت.
جەختی لەوەشکردەوە: ھەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام دەبێت سەرەتا گرفتە تەکنیکییەکان چارە بکرێن، لە ھەرێمی کوردستان سێ سەد و پەنجا و پێنج ھەزار و پێنج سەد و شەش ھاووڵاتی کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان ھەیە.

ھەواڵی زیاتر