نێچيرڤان بارزانى: پشتگيرى له‌ مافه‌كانى مه‌سيحييان و هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كه‌ين

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27/5/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە (كۆنگره‌ى یاسای باری كەسى بۆ كرستیيانان له‌ عێراق)دا كرد كە زانکۆی کاسۆلیکی له‌ هه‌ولێر ڕێكيخستبوو.

لە كۆنفرانسەكەدا كه‌ ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی هەرێمى كوردستان و ئەكادیمی و كەسایه‌تيی ئایینى لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئامادەى بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكى پێشكەش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌يه‌كه‌تى:

ئامادەبووانی بەڕێز،

میوانانى خۆشەویست..

ئێواره‌تان باش..

زۆر خۆشحاڵم كه‌ هەمووتان لێرە لە هەولێر دەبینم و هه‌موومان پێكه‌وه‌ين بۆ گفتوگۆ لەسەر مافی پێکهاتەیەکی ڕه‌سه‌نى ئایینيی گەلەکەمان، کە مەسیحین. بێگومان به‌ بوونى هەموومان لێرە پێکەوە، دڵنیاییەکی زیاتر دەدەینە مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و مەسیحییەكانی هەموو عێراق. هەموومان پشتیوانی لەم کۆنگرەیە دەکەین، چونکە به ‌مەبەستی دابینکردنی مافی ڕەوای مەسیحیيانە، به‌ دیالۆگ و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری لەسەر ئاستی هەموو عێراق.

دەستخۆشی لە به‌ڕێز مەتران بەشار وەردە و سەرۆکایەتيی زانکۆی کاسۆلیکی له‌ هەولێر و سەرپەرشتیاران دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئه‌م کۆنگرەیە لەسەر پرسێكى زۆر گرنگ و پێوست، كه‌ دانانی ڕه‌شنووسى یاسای باری کەسیی مەسیحیيانه‌ لە عێراق. به‌ گه‌رمى بەخێرهاتنى ئەو میوانە به‌ڕێزه‌ مەسیحیيانە ده‌كه‌م كه‌ لە لوبنان، سووریا و لە ئوردن تەشریفیان هێناوە. هیوادارم بە ئەزموونی خۆیان بەشدارییەکی بەسوودیان هەبێت لە گفتوگۆکانی ئەم کۆنگرەیەدا و چەند ڕۆژێکی خۆش لە کوردستان بەسەر ببەن.

ئامادەبووانی بەڕێز ..

ئێمە هه‌ميشه‌ پشتیوانی لە داوا و مافی مەسیحیيان و هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق دەکەین، چونکە ئەو پشتیوانیيه‌ى ئێمە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوه‌ڕ و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و یەکسان لە کوردستان.

هەروەها ئەو پشتیوانیيەی ئێمە، پەیوەستە بە دەستووری عێراق کە خەڵکی عێراق دەنگی لەسەر داوە و پەسەندى کردووە. مادەی (41)ی دەستووری عێراق دەڵێ عێراقییەکان ئازادن له‌وه‌ى پابەند بن بە باری کەسیی خۆیانەوە بەپێی ئایین و مەزهەب و باوەڕ و هەڵبژاردەیان، ئەوەش لە دەستووری عێراقدا دەڵێ بە یاسا ڕێک دەخرێت.

تا ئێستا ئەو مادە دەستوورییە کاری پێنەکراوە. کارکردن بەو مادەیە و هه‌بوونى ياساى بارى كه‌سى بۆ ئايينه‌كان كه‌ تايبه‌ت بێت به‌ خۆيان، وا ده‌كات مەسیحی، ئێزدی، سابیئە، مەندائی و هەموو ئایینەکان لە عێراق، مافەکانیان پارێزراو بن. ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی کردەیيی زۆر گرنگە، چونکە ڕێگە دەکاتەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرێکی گونجاو بۆ داوا و مافی مەسیحیيەكان، ئێمەش پشتگیری لەو داوا دەستووریيانەی ئه‌وان و هه‌موو پێكهاته‌كانی ديكه‌ى عێراق دەکەین.

ئامادەبووانی بەڕێز …

نه‌بوونى ياسايه‌كى تايبه‌تى بارى كه‌سيى بۆ‌ مه‌سيحييان، وا ده‌كات به‌پێى ياسايه‌ك مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئايين و باوه‌ڕياندا نايه‌ته‌وه‌! ئه‌وه‌ كارێی زۆر خراپە، کاریگەرییەکی زۆر خراپى هەیە بۆ سەر خێزانەکان و پێکهاتەی مەسیحی لە عێراق. ئێمە لە زۆر دۆسیە ئاگادار دەکرێینەوە کە زۆر مایەی نيگه‌رانى و دڵتەنگيمانن، چونکە ژیان و چارەنووسی زۆر منداڵ، کچ و ژن دەخەنە کێشە و ئاڵۆزییەوە، به‌تايبه‌تيش له‌ بابه‌ته‌كانى ميرات و ته‌ڵاق و به‌زۆرسه‌پاندنى ئاييندا، كاتێك باوک یان دایکێکی مەسیحی ئایینی خۆی ده‌گۆڕێت!

بە بۆچوونی ئێمە ناکرێت ئایینی منداڵان بگۆڕدرێت، لە كاتێكدا هێشتا لە خوار (18) ساڵيدان و لەناو کەشوهەوای ئایینێکی دیکەدا دەژین. بۆیە ئێمە پشتیوانی لەو پێشنیارە دەکەین کە ئەگەر باوک و دایکێكی مەسیحی ئایینی خۆی گۆڕی، منداڵ و نه‌وجه‌وانانيان کاتێک بوونە (18) ساڵ، مافی ئه‌وه‌يان هه‌بێت بڕیار لە ئایینی خۆیان بده‌ن. بە هەمان شێوە سەبارەت بە میرات، دەبێ بەپێی ياسايه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى باوه‌ڕ و ئايينى مه‌سيحى بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز …

له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانى بارى كه‌سيدا، ده‌بێ چاره‌سه‌رێك هه‌بێت بەپێی خواستی مەسیحیيان و گونجاو بێت لەگەڵ بنەماكانی پێکەوەژیان و یەکسانی لە مافەکانیاندا بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ناکرێت بە ناوی یاسا و لە ڕێگەی یاساوە، کێشە و ئاڵۆزی لەناو پێکهاتەی مەسیحی دروست بکرێت. ئێمە له‌گه‌ڵ ئەو نادادى و نایەکسانییه‌دا نین. ئه‌وه‌ مافێكى ده‌ستوورييه‌ كه‌ مەسیحییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئايين و باوه‌ڕيان، ئازاد بن لە کاروباری کەسیی خۆیاندا.

بۆيه‌ داوا لە لایەنە بەشدارەکانی دانانی دەستووری عێراق و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق ده‌كه‌م، بە گرنگییەوە لەو پرس و کێشەیە بڕوانن و بە زوویی هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، بە ڕەچاوکردنی داوا و مافی مەسیحییان و ئایینەکانی ديكه‌.

داوا لە دادوەرانى به‌ڕێز دەکەم، بە چاوێکی زۆر مرۆڤدۆستانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دۆسییەدا بکەن، چونکە به‌هۆى ئه‌و كێشانه‌وه‌ زۆر خێزان هەڵوەشاون، پەیوەنديی نێوان زۆر دایکوباوک لەگەڵ منداڵ و کەسوکاریاندا بە تەواوی تێکچووە، هەروەها نەبوونی دڵنیایی و ئاراميی خێزانی، وايكردووه‌‌ زۆر کەس و خێزانی مەسیحی كۆچ بكه‌ن و عێراق بەجێبهێڵن.

داوا لە یەکێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەموو زانایان و پیاوانی ئایینيی به‌ڕێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی دەکەم، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی نادروستيی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاساکان لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە، ڕووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە.

یەكێک لە بنەما دیارەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە: بە زۆر ئايين بەسەر کەسانی دیکە نەسەپێنرێت. دڵنیام ئێوە هاوکارێکی زۆر باش دەبن، چونکە ئێوەی پیاوانی به‌ڕێزى ئایینی ئیسلام، هاوکار و پارێزەری بەهێزن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق.

لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەكێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بکەم کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لە هەرێمی کوردستان و له‌ پرسی میراتدا هاوکار بوون. هەروه‌ها بە ڕێزەوە خوالێخۆشبوو زانا و مامۆستاى مه‌زن د. مستەفا زەڵمی و هەموو ئەو کەسایەتی و بەرگریکارانەی مافی ئافرەتان به‌بير ده‌هێنمه‌وه‌ کە ئەوکات لەو هەوڵ و پرۆسەیەدا بەشدار بوون.

بەڕێزان..

من خۆم پەروەردەی ناوچەیەکم کە پەرستگەی ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوە بوون، باوەڕدارانی هەموو ئەو ئایینانەش بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە پێکەوە دەژیان. تەنانەت چەند کەسێكی ئاشووريی مەسیحی لەگەڵ بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنفال کراون. چەندين پێشمەرگەی مەسیحی بە قارەمانيه‌تيی خۆیان لە شۆڕشی کوردستاندا، ناوبانگیان بە هەموو لايه‌كى ئه‌م وڵاته‌دا بڵاوببووەوە.

ئێمە لە کوردستان، هەمیشە ژیان و چارەنووسمان پێکەوە بووە. کوردستان لەناو ئەو هەموو کۆمەڵکوژیانەی لە ناوچەکەدا کراون، هەمیشە وەک شوێنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی ماوەتەوە. بزاڤی ڕزگاریخوازيی کوردستان، بزووتنەوەی پاراستنی هەموو نەتەوەکانی کوردستان بووە، نەک تەنیا کورد. لەبەرئەوە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، ئەرکی ئێمە و باوەڕێکی نەگۆڕی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان.

لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان و لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، شوێنی مەسیحیيەكان ڕەچاو کرا. ئێستاش هه‌موو هاووڵاتييه‌كى مه‌سيحی دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیيان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا.

لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی باشکردنی زیاتری بەشداری و هاوبەشيی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدەین. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیانێکی ڕاستەقینە و یەکسانە. من بە تەواوەتی باوەڕم بەوەیە مافی یەکسان بۆ هه‌مووان، واتای ڕاستەقینه‌ى پێکەوەژیان ده‌به‌خشێت.

لێرەدا جارێکی ديكه‌ دووپاتی دەکەینەوە، بە سوودوەرگرتن لە ڕابردوو، عێراقی نوێ تەنیا یەک ڕێگه‌ى بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن هەیە، ئەویش پێکەوەژیان و هاوبەشيی هەموو پێکهاتەکانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. پشتگوێخستن و ستەمکردن لە هەر پێکهاتەیەک، دۆخ و چاره‌نووسى وڵات تێكده‌دات، نابێ هیچ پێکهاتەیەکیش لە عێراق بە بچووک یان بە كەم سەیر بکرێت.

لێرەوە دووبارە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم، دڵنیا بن هه‌موو پشتگیرييه‌كى ئێمه‌تان‌ هه‌يه و كوردستان هه‌ميشه‌ بۆ هه‌موو ئايين و نه‌ته‌وه‌كان به‌ وڵاتى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنى ئاشتيانه‌ و لێبورده‌يى ده‌مێنێته‌وه‌‌.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و بەخێر بێن

ھەواڵی زیاتر