جووتیاران لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئاگادار دەکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە کۆمەڵێک ڕێنمایی دەداتە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان و ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێنی سەرەتایی، پێش بە سووتان و هەر جۆرە زیانێک بۆ سەر بەرهەمەکانیان لە وەرزی دروێنە بگرن.

وەرزی دروێنە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و جووتیاران هیواخوازن ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی گەنمیان هەبێت بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانن لە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەوتنەوەی زەرەر و زیان پێیان .
ئەمساڵ لە تەواوی کوردستان بارانێکی زۆر باری و هەر ئەوەش وای کرد کە بەرهەمی گەنم زۆر بێت و جگە لەمە گیا و ڕووەک لە تەواوی کێڵگەکان و دەشت و چیا باڵای کردووە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکبوونی ئەو گیا و ڕووەکانە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەکات.
بەهۆی ئەوەی کە ڕووبەری بەگەنم چێنراوی جووتیاران بەیەکەوە گرێ دراوە و تەنانەت سنوووری نێوان ڕووبەرەکانیش بە گیا تەنراوە، ئاگرکەوتنەوە لە هەر شوێنێک ڕوو بدات ئەوا کۆنترۆڵکردنی زۆر ئەستەمە و لەو کاتەشدا بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی ساڵێکی جووتیاران لەناو دەچێت.
لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک ئاگرکەوتنەوە لەو زەویانە بە تایبەتی لە کەرکووک ڕوویان داوە و زیان بەر جووتیاران گەیشتووە و هەر بۆیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێرەوە کۆمەڵێک ڕێنمایی بە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان داوە کە لە حەوت خاڵ پێکدێن.
یەکەم ڕێنمایی کە پێداگری کردووە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان لەگەڵ خۆیان بیگێڕن ئامێری ئاگرکوژێنەوەی co2 ی شەش کیلۆگرامییە کە دەتوانێت لە دەستپێکی ئاگرکەوتنەوە یارمەتیی کوژاندنەوەی بدات.
بەپێی ڕێنماییەکان نابێت بە هیچ شێوەیەک لەحیمکردن لە ناو کێلگەی گەنم و جۆ بکرێت و هاوکات پێویستە شوفێری دەڕاسە لە بوونی هێڵی کارەبا لە ناو کێڵگە ئاگادار بێت.
چاککردنی ڕێگای نێوان توخوبەکان و ڕێگای چوون بۆ سەر زەوییەکان بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی یەکێکی ترە لە ڕێنماییەکان و هاوکات بە پێویست زانراوە هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە کاتی ئیشکردندا و ترۆمپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرێک بتوانن بە زووترین کات کونترۆڵی بکەن.
داوا کراوە شوفێری دەڕاسەکان خۆیان بەدوور بگرن لە جگەرەکێشان و ئەگەریش کێشایان نابێت فڕێی بدەنە ناو کێڵگەکان.
پێویستە جووتیاران ژمارە تەلەفونەکانی بنکەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزارییان لابێت بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو خێرا پێوەندییان پێوە بکەن. ژمارەی تەلەفۆنی بەرگریی شارستانی بریتییە لە ١١٥ و ١٢٥ و هی فریاگوزاریش بریتییە لە ١٢٢.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە ڕۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و مانگی حوزەیران مانگێکی گرنگە بۆ جووتیاران کە زۆربەیان لەو مانگەدا بەرهەمی گەنم دروێنە دەکەن و پێشگرتن بە هەر جۆرە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە قازانجی بۆ جوتیاران و بۆ ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستانیش هەیە و پێویستە هەمووان پابەندی ڕێنماییەکان بن.

ھەواڵی زیاتر