پێکهاتەکانی کوردستان دەستبەرداری مافەکانیان نابن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرۆکی ھەردوو پارتی لیستی گەلی تورکمانیی و پارتی گەشەپێدانی تورکمان و بەرپرسی لقی ھەولێری ڕێکخراوی بارش بۆ ھاوکاری مرۆیی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایان لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرد و داوا دەکەن پێنج کورسییەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و لە یەک بازنەدا بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن. ڕۆژی دووشەمەش کریستیانەکان سکاڵایەکی ھاوشێوەیان پێشکەش کردبوو.

بەپێی دوایین مەرسوومی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەبێ لە ١٠ی حوزەیرانی داھاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و کەڵەکەبوونی سکاڵاکان و ناڕەزایەتی گەورەترین لایەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ھۆکار بووە لەوەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە مانگی حوزەیراندا وەک شتێکی ئاستەم بێتە بەرچاو.
لە ٢٢ی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یازدە کورسیی کۆتای پێکھاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن، ئەمەش ناڕەزایەتی ئەو پێکھاتانە و ھەندێک لایەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.
دوێنێ سێشەم تورکمانەکان بە فەرمی لە دادگا سکاڵایان تۆمار کرد ئەمەش ڕۆژێک دوای تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن ھاوپەیمانیی مەسیحی دێت، کە وێڕای پێداگری لە پاراستنی مافی مەسیحییەکانی ئەرمەن، ئاشوور، سریانی و کلدانی لە پەرلەمانی کوردستان، داوای گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتای پێکھاتەکانیان کرد.
تورکمانەکان لە سکاڵاکەیاندا باسیان لەوە کرد کە بە کەمکردنەوە و دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان ڕەچاوی مافی پێکھاتەکان نەکراوە و پێچەوانەی دەستوور بڕیار دراوە بەو پێیەی نوێنەرایەتی تەواوی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە.
ئەوان پێیان وایە ئەمە دژە و لەگەڵ دەستوور ناگونجێت، لە کاتێکدا ماددەی دەستووریی ژمارە چل و نۆ بووەتە بنەمایەک و ھەموو ھەڵبژاردنەکانەکانی فیدراڵیی دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ھەڵبژاردنانەشی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام لە کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی کورسییەکان مافی پێکھاتەکانی تورکمان، پشتگوێ خراوە و فەرامۆش کراوە، بەمەش پێشێلی ماددەکانی چواردە و شازدەی دەستوورە کە نابێت ھیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق بکرێت.
ھەر لە سکاڵاکەدا ھاتووە، ئەو یاسایەی بۆ ھەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، دژ بە ماددەی سەد و بیست و پێنجی دەستووری ھەمیشەیی عێراقە و پێشێلی مافەکانی ئیداری، سیاسی، ڕۆشنبیری و فێربوونی پێکھاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشووری پێکھاتەکانی دیکە دەکات، لە کاتێکدا کە لە دەستوور مافەکان جێگیرکراون.
تورکمانەکان پێداگری دەکەن کە بڕیار و یاسا نوێیەکانی پێوەندیدار بە ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان دژی پرۆسەی دیموکراسییە و دەبێتە ھۆی بچووکبوونەوەی ڕۆڵی پارتە تورکمانەکان لە ھەرێمی کوردستان
شەشی ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد کە پێوەندیی بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی سەد کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسییەکەی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ھەبوو و داوای کرد دابەشکارییەکە بە “نادەستووریی” بزانرێت.
رۆژێک دوای ئەم سکاڵایە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق فەرمانی دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی ماددەی دووی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە حەوتی ساڵی ٢٠٢٤.، دادگاکە ئاماژەی بەوە کردبوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.
دوێنێ سێشەم بریکاری سەرۆک وەزیران بۆ ئەو سکاڵایە بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە کۆدەبێتەوە.