دوای نۆ ساڵ لە ڕزگارکردنی هێشتا شنگال لە پاشماوەی جەنگ پاک نەکراوەتەوەوڵاتان داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نزیکەی چوار ساڵە ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە تا ئێستە حکوومەتی عێراق ناوەڕۆکەکەی جێبەجێی نەکردووە، ئەمەریکا داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات، کە تا ئێستە زیاتر لە ٧٥%ی خەڵکەکەی ئاوارەن. قایمقامی شارەکەش، دەڵێت: بەھۆی ھەبوونی ململانێی سیاسییەوە ھێزەکان ڕێگری لە گەڕانەوەی ژیان بۆ شارەکە دەکەن.

ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە ئالۆزتر دەبێت
حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە، کە چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شارەکە لە داعش ڕزگار کرا، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە. نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دەیەوێت ڕەوشی شنگال ھەروا بە خراپی بمێنێتەوە، کە تا ئێستە ھیچ بڕگە و خاڵێکی ڕێککەوتنەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە، ئەوەش وای کردووە ڕەوشی شارەکە ڕۆژبەڕۆژ خراپتر ببێت.

تا گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان لە شنگال بن خەڵک ناگەڕێتەوە
لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ٨٠%ی شنگال وێران بوو، تا ئێستە ئاوەدان نەکراوتەوە، ھاووڵاتییان، ڕۆژانە لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێز و لایەنەکاندا ڕوو دەدات و لە ترسی زۆری ھێزەکان خەڵکی شارەکە وەکو پێویست ناگەڕێنەوە، ھاووڵاتییان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دەبێت ڕەوش ئاسایی بکرێتەوە و شارەکەش ئاوەدان بکرێتەوە، ئەو کاتە دەگەڕێینەوە ناوچەکانمان، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستە زیاتر لە شازدە ھەزار خانووی خراپ بوو لە شارەکە ھەن، زۆربەی شنگالییەکان داوا دەکەن لە ژیانی ئاوارەیی ڕزگار بن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ھەمان کاتدا داواکانیان جێبەجێ بکرێت و شنگال لە گرووپە چەکدارەکان و ململانێی سیاسی دوور بخرێتەوە. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە و لقەکانی سەر بەو ڕێکخراوە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، بە دەیان گرووپی چەکدار لە شنگال ھەن، کە کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکەو ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان بە سەربازگە کردووە، لە ھەمانکاتدا نزیک شنگال لە ناوچەی بەعاج شانە نووستووەکانی داعش ھەن، ئەوەش بارودۆخی شنگالی بە تەواوەتی تێکداوە، لەگەڵ ئەوەی ھەتا ئێستە ھەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەنراون.

تا ئێستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە
لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزای شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزا کرا، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە پێویستە قایمقامێکی نوێ دابنرێت، پۆلیسی خۆجێ ئەمنییەتی ناوچەکە بپارێزێت و دوو ھەزار و پێنج سەد کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان دابمەزرێن، ھەروەھا گرووپە چەکدارەکان لە تەواوی ناوچەکە دووربخرێنەوە و لیژنەیەکی ھاوبەشیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال پێکبھێنرێت، بەڵام تا ئێستە ھیچ یەک لەو خاڵانە جێبەجێ نەکراون.

ئەوەی پێویست بووە حکوومەتی ھەرێم بۆ خەڵکی ناوچەکەی کردووە
بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، کلیلی چارەکردنی کێشەی شنگال جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، بارودۆخی شنگال ئارام نابێت، چونکە ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتوونە لە خزمەتی خەڵکی شنگال و ناوچەکەدانە، کە ھەتا ئێستە زیاتر لە ٧٥%ی خەڵکی ئێمە لەژێر خێمەدا دەژین، ئامادەنە لەژێر خێمەکانیان بژین و ژیانێکی ناخۆش ببەنەسەر بەس نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە بووەتە شوێنی دەیان گرووپی چەکدار، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەسەر فەرمان و ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانی ئەوەی پێویست بووە حکوومەتی ھەرێم بۆ شنگال و خەڵکی ناوچەکەی کردووە، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی کرد، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەویش ڕۆلێکی سەرەکی گێڕاوە لە ھاوکاری کردنی خەڵکی ناوچەکە.

ئەمەریکا: پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت
عەزرا زیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، سەردانی لالش ناوەندی ڕۆحی ئێزدییەکانی کرد و گوتی: پێویستە ڕێککەوتنی شنگالی ٢٠٢٠ی نێوان بەغدا و ھەولێر جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە ئاسانکارییە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی باوباپیرانی خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داواش دەکات شنگال و دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە کە لەژێر دەستی داعش ئازاد کراون، ھێزە لە یاسا دەرچووەکان لەو ناوچانە دووربخرێنەوە.
گوتیشی: پێویستە حکوومەتی عێراق بەردەوام بێت لە دامەزراندنی ھێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی لە شنگال و بەردەوام بێت لە دامەزراندن و جێگیرکردنی کارمەندانی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە کەم خزمەتگوزارییەکانی وەک شنگال، ھەروەھا ھانی حکوومەتی فیدراڵمان داوە چارەی نیگەرانییەکانی ڕۆڵی میلیشیاکان بکات لە ناوچە ڕزگارکراوەکان لە دەستی داعش، وەک شنگال و دەشتی نەینەوا و زێدی پێکھاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی عێراق، کاریگەری نەرێنی گرووپە میلیشیاییەکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی پێکھاتەکان، ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات و ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووری کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیش دەکات، بەڵام چارەکردنی ئەم پرسانە کلیلە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێزدییەکان و ئاوارەکانی دیکە دەتوانن بە سەلامەتی و خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.