تورکمانەکان بۆ گەڕاندنەوەی کورسییەکانی کۆتا لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد

سەرۆکی هەردوو پارتی لیستی گەلی تورکمانیی و پارتی گەشەپێدانی تورکمان و بەرپرسی لقی هەولێری ڕێکخراوی بارش بۆ هاوکاری مرۆیی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایان لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرد و داوای گەڕانەوەی پێنج کورسییەکەی کۆتای تورکمانکان و یەک نازنەی هەڵبژاردنە دەکەن.

سکاڵاکەی هەردوو پارتەکەی تورکمان لەسەر ئەوەی سیستەمی نوێی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان لادراوە و پرۆسەی هەڵبژردنیش بە سەر چوار بازنەی دەنگدان دابەشکراوە.

لە سکاڵاکەدا ئاماژەیانداوە، بە کەمکردنەوە و دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان ڕەچاوی مافی پێکهاتەکان نەکراوە و پێچەوانەی دەستوور بڕیاردراوە بەو پێیەی نوێنەرایەتی تەواوی پکێهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمەش دژە و لەگەڵ مادەی (49/یەکەم)ی دەستوور ناگونجێت، کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری کراوە، لە کاتێکدا ئەم ماددە دەستوورییە بووەتە بنەمایەک و هەموو هەڵبژاردنەکانەکانی فیدراڵیی دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنانەشی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام لە کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی کورسییەکان مافی پێکهاتەکانی تورکمان پشتگوێ خراوە و فەرامۆشکراوە، بەمەش پێشێلی ماددەکانی 14 و 16ی دەستوورە کە نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق بکرێت.

هەر لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەو یاسایەی بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، دژ بە ماددەی 125ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و پێشێلی مافەکانی ئیداری، سیاسی، ڕۆشنبیری و فێربوونی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشووری پێکهاتەکانی دیکە دەکات، لە کاتێکدا کە لە دەستوور مافەکان جێگیرکراون.

هەروەها ئاماژەیانداوە، ئەو بڕیار و یاسایەی بۆ هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە دژی پرۆسەی دیموکراسییە و دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی ڕۆڵی پارتە تورکمانەکانی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە خوولەکانی پێشووی پەرلەمان پێنج نوێنەریان هەبووە، بەڵام بە زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان لە نێویاندا پێکهاتەی تورکمان کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر ژیانی سیاسی تورکمانەکان و کۆمەڵگەی گشتی دەبێت، هەربۆیە تورکمانەکان داوای گەڕانەوەی پێنج کورسییەکەی کۆتای تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەگەڵ گەڕانەوەی سیستمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن.

تۆمارکردنی سکاڵای پێکهاتەی تورکمان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە کاتێکدایە، کە دوێنێ هاوپەیمانیی مەسیحی، سکاڵای یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کرد، سەبارەت بە مافی مەسیحییەکانی ئەرمەن، ئاشوور، سریانی و کلدانی لە پەرلەمانی کوردستان و داوای گەڕاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن.

ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.