نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سوودانی کۆدەبێتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و لەگەڵ سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ژمارەیەک پرس تاوتوێ دەکات.

دڵشاد شهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 14-05-2024،‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.

لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی؛ بە گوتەی دڵشاد شەهاب، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محه‌ممه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پرسه‌ هاوبه‌شه‌کانیان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 27-04-2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا؛ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی بەڕێوەبردنی ده‌وڵه‌تی کرد و پاشان له‌گه‌ڵ هەر یەکە لە محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی كۆبووه‌وه‌ .

بە گوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسیان لە پرۆسه‌ى سياسیی و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور کردووە.

ئاماژە بەوەش کراەو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە عێراقییەکان جەختیان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى ئه‌منيدا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان كردووەتەوە و هەمووان هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى هاريكاريى هه‌موو لايه‌نه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.