ئەمڕۆ دووشەممە 2024.5.13، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، سەردانی هەشتی حەسارۆكانى شاری هەولێریان كرد و بە گوژمەى (726 ملیۆن دینار) لە سەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەستپێكردنی پرۆژەیەكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزارییان لە زۆنی (B)ی گەڕەكەكە ڕاگەیاند، كە لەئەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پرۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی شەقام بە درێژایی (27 كیلۆمەتر) و بڕگەكانی پێكهاتوون لە كاری بڕین و پڕكردنەوە بە بڕی (420,000 م3) بۆ (27 كیلۆمەتر) لە شەقامە سەرەكییەكانی (12، 15، 20، 30)ی مەتریی هەشتی حەسارۆكان.
لە چوارچێوەی بڕگەكانی ئەم پرۆژەیەدا، لە مەودوا كار لە دروستكردنی (170) شەقامی زۆنەكە دەكرێت كە نزیكەی (3500 پارچە زەوی) لێی سوودمەند دەبن، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەش سوود لە توانای مرۆیی و ئامێرەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر وەردەگیرێت.هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زۆنەكانی دیكەش بەردەوامی دەبێت.