مه‌سرور بارزانی: چاوه‌ڕێین به‌غدا مووچه‌ی مانگی چوار و پێنج له‌ كاتێكی زوودا ره‌وانه‌ بكات

دوای ته‌واوبوونی پانێله‌كه‌ی لە میانی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسی رایگه‌یاند، چاوه‌ڕێین به‌غدا مووچه‌ی مانگی چوار و پێنجی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكی زوودا ره‌وانه‌ بكات. 

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ وه‌كو ئه‌رك هه‌مووی جێبه‌جێكردووه‌ و چاوه‌ڕێین به‌غدا مووچه‌ی مانگی چوار و پێنج له‌ كاتێكی زوودا ره‌وانه‌ بكات.

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌رچی داواكاری حكوومه‌تی فیدراڵ هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ بۆ ناردنی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دروست نه‌بێت، جێبه‌جێمان كردووه‌.

گوتیشی: “ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی ناردنی مووچه‌ دوا ده‌خات، ئه‌و كات خه‌ڵك پرسیار ئاراسته‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ بكات”.

ئاشكراشیكرد، مه‌سه‌له‌ی ته‌وتین به‌ بانكیكردنی پێدانی مووچه‌ی هاووڵاتییانه‌، ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م هه‌وڵه‌مان داوه‌ و پرۆسه‌كه‌مان ده‌ستپێكردووه‌، نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان ناونووسكراون، تاكو به‌ رێگه‌ی بانكی مووچه‌ی خۆیان وه‌ربگرن.

روونیشیكرده‌وه‌، ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی زۆر گرنگ بده‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، دروستكردنی توانایی ئابوورییه‌ بۆ هاووڵاتییانه‌، هه‌ر كه‌سێك دژی قسه‌ بكات، دژی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاووڵاتییان خاوه‌نی ئه‌كاونت و بڕیاری ئابووری خۆیان بن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كارێكی كردووه‌، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان پارێزراو بێت، هه‌موو ئه‌ركه‌كانیشی له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا جێبه‌جێكردووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ حكوومه‌تی فیدراڵه‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كات، بۆیه‌ وه‌ك حكوومه‌ت ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێكردووه‌، ئه‌ركی حزبه‌ سیاسییه‌كانیشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌لاوه‌ بنێن و هه‌موویان پشتیوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بڕیار بدرێت.