جووڵەیەکی گرنگ و کاریگەر بۆ ڕاستکردنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی بەھێزە، وڵاتانی جیھان لە ئاستی باڵادا سەردانی دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە، پێگەی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە، کە نەک بۆ عێراق بە تەنیا بەڵکو بۆ ناوچەکەش گرنگیی خۆی ھەیە، سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵە دیبلۆماسییەکان لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی دیکە و سەردانی گەورە بەرپرسان بۆ ھەرێم و سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ تاران دەرخەری گرنگی ستراتیژ و پێگەی ھەرێمی کوردستانە.

شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن؛ ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران جیا لەڕووە سیاسیی و جیۆپۆلەتیکیەکەیەوە، لەڕووی بازرگانییشەوە بۆ ئەو وڵاتە گرنگە و ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران حەوت ملیار دۆلارە، بۆیە ئەو وڵاتە بە گرنگییەوە لە پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە یاوەریی شاندێک سەردانی تارانی کرد و دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە و دەربارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان، ھەروەھا دەربارەی پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، گفتوگۆیان کرد.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێ، گرنگیی زۆری ھەیە بۆ ئێمە، ھیوادارین پەیوەندییەکانمان بەردەوامبن لە بەرەوپێشچوون، ھەر کاتێک پێویستمان بە یارمەتی بووبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتی داوین.
ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران جیا لە ڕووە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکەیەوە، لەڕووی بازرگانییشەوە بۆ ئەو وڵاتە گرنگە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە، ھەوڵەکانی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق، جموجۆڵی بازرگانیی لە دەروازە سنوورییەکان زیاتر کردووە، ئێستە سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێراندا ھەن کە بریتین لە دەروازەکانی پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ھاوکات لە چوار دەروازەی نیمچەفەرمیی شوشمێ، سەیرانبەن، کێلێ و پشتەی تەوێڵەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوولادا بەردەوامە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە دوو ھەزار مۆڵەتی بازرگانییان دەرکردووە لەو ژمارەیە زیاتر لە یەک ھەزار مۆڵەت بە بازرگانانی ئێرانی دراوە و ڕۆژنامەی دنیای ئیقتسادی ئێرانیش لە زاری ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ھاوبەشی ئێران و عێراقەوە ڕایگەیاندووە، بەشی ھەرێمی کوردستان لە ڕێژەی بازرگانیی ئێران و عێراق ٤٠% بۆ ٦٠%ـە و بازرگانانی ئێرانی بۆ ھاوکاریی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە ھەرێمی کوردستانەوە دەستیان بە کار کرد.
یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە دوای تورکیا، ئێران دووەمین ھاوبەشی بازرگانیی ھەرێمی کوردستانە کە زۆرترین کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکات، بەو پێیەی ساڵانە بە بەھای نزیکەی حەوت ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت.
جگە لە ھاوردەی کاڵای ئێرانی، چەندین کۆمپانیا و کارگەی ئەو وڵاتە لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی کاریان پێ دراوە و بەپێی دواین ئامار لە ھەرێمی کوردستان سێ سەد و شەست کۆمپانیا و سەد و سی و پێنج کارگەی ئێرانی چالاکن، کۆمپانیاکان لە بوارەکانی بەڵێندەرایەتی و بازرگانی و کارگەکان لە بەرھەمھێنانی کاڵا خۆراکییەکان، سیرامیک، پلاستیک و چەندی بواری دیکە بەشداری دەکەن.
فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەندین جار بەشێوەیەکی فەرمی بانگھێشتی تاران کراوە، ئێستە دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت، پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریی مێژوویی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەیە، ھەروەکو چۆن لەگەڵ تورکیا باشترین پەیوەندیمان ھەیە، دەبێت ھەمان ئاراستە لەگەڵ ئێران ھەوڵ بدەین، بەڵام لە ھەمان کاتدا پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان بگرێت، بۆیە ئامانجی سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران پتەوکردنی پەیوەندییەکانە و گەشبینین کێشەکان ئەگەر ھەبن چارە دەبن.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ تاران سەرەتایەکە بۆ دروستکردنەوە و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و تاران.
ئاشکراشی کرد: بۆ ئێران و ھەرێمی کوردستان گرنگە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بن، چونکە بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووری و ئەمنی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەیە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، جەختی لەوەشکردەوە: پەیوەندی نێوان ھەولێر و تاران شتێکی تازە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی مێژووییە، لەبیریشمان نەچێت،‌ کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاری ئێمەی کردووە و ھەمیشە دەرگای کردووەتەوە.
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن؛ سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگ بوو و لە بارودۆخێکی ھەستیار و گرنگدا بوو، لەو سەردانەدا باس لە دۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا، بۆیە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی بوو و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی سەردانەکە دەردەکەوێت.
ئابوری ناس، نەعمان مستەفا، دەڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی و سیاسیی دوورودرێژیان ھەیە و سنوورێکی فراوانی جوگرافی گرنگیش پێکەوە گرێداون، بۆیە پێ ناچێت وا بە ئاسانی دەستبەرداری یەکدی ببن، ھەر لەبەر ئەوەش ڕۆژبەڕۆژ جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان ھەرێم و ئێران زیاد دەکات.
موسا ڕەشید، شرۆڤەکاری سیاسی، ئاشکرای کرد: ئێران دراوسێی ھەرێمی کوردستانە، مێژوویەکی دوورودرێژیان لەگەڵ یەکدی ھەیە، ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە بۆ ئێران، دەرگایەکە بۆ ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی بەرووی جیھاندا بکرێتەوە، کە ئێستە ڕەوشی ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتە زۆر باش نییە، ھەر بۆیە پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە و دەیەوێت لەگەڵ ھەرێم پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە ببات، کوردستان و ئێران دوو دراوسێی یەکدی نە و دەبێت درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێران دەتوانێت ڕۆلێکی سەرەکی ببینێت لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆیە بە ھەموو پێوەرەکان سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران گرنگی خۆی ھەیە و دەبێت ھەموو لایەنە کوردستانییەکان پێشوازی لەو سەردانە بکەن و بە سەردانێکی گرنگ ناو ببەن، چونکە گرنگە ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندیەکی پتەویان لەگەڵ یەکدی ھەبێت.