سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ڕابه‌رى باڵاى شۆڕشى ئيسلاميى ئێران كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/5/6 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ تاران له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئایه‌توڵڵا ئه‌لعوزما سه‌ید عه‌لی خامه‌نه‌ئی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ديدارى به‌ڕێز سه‌ید خامه‌نه‌ئی ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. به‌ڕێزيان هەر‌وه‌ها سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستاندا.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو‌.