سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شاندی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئوردن: ئامادەین لەگەڵ زانکۆکانی هەرێم پەرە بە پەیوەندییە ئەکادیمیاییەکانمان بدەین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئوردن كرد، كە پێكهاتبوو لە دۆكتۆر مەئمون ئەلدوبعی جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئەردەن و سەرۆكەكانی نۆ زانكۆ و فواد ئەلمەجالی كۆنسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا، شاندی میوان ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ئوردن و گەلی كوردستان، ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئاكادیمی و هاوكاریی و هەماهەنگیی نێوان زانكۆكانی هەردوولا دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و شانشینی ئەردەن دا و سوپاسی شا عەبدوڵڵا و حكوومەت و گەلی ئوردنی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا هاوسۆز و یارمەتیدەری گەلی كوردستان بوونە. جەختیشی لە قووڵتركردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە.