نێچیرڤان بارزانی بۆ فایەق زێدان: سوپاس بۆ رۆڵی ئەرێنیت لە چارەسەری کێشەکانی وڵات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و سوپاسی هەوڵ و رۆڵە ئەرێنییەکانی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 28-04-2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ دادوه‌ر د. فایەق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق كۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سياسى و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هەروەها هه‌ردوولا باسيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى زياترى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و، سوود وه‌رگرتنى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى بوارى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌رفه‌ت و تواناكانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق كرد؛ جه‌ختيشیان له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات كرده‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ هه‌وڵه‌کان و رۆڵی ئه‌رێنیی دادوه‌ر د. فایەق زێدان، سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵاتدا ده‌ربڕی و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خواست.

سه‌ربه‌خۆيى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پاراستنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لە ته‌وه‌رەکانی ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.