هه‌ولێر ….كردنه‌وه‌ی سەنتەرێكی تایبه‌ت به‌ زیرەکی دەستکرد

ئه‌مرۆ 21_4_2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر” ئاماده‌یی رێ و ره‌سمی کردنەوەی سەنتەری زیرەکی دەستکرد بوو، كه‌ لە زانکۆی کوردستان به‌رێوه‌چوو.
له‌و بۆنه‌یه‌دا كه‌ سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ و ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابیان ئاماده‌یی بوون، چه‌ند سیمینارێك ده‌رباره‌ی گرنگی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری زیرەکی دەستکرد پێشكه‌شكرا. تێدا ئه‌وه‌ دووپاتكرایه‌وه‌ كه‌وا ئامانج له‌ په‌ره‌پێدانی زیرەکی دەستکرد له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تی، دانه‌بڕانه‌ له‌و پێشكه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا له‌ جیهان به‌خۆیه‌وه‌ی ده‌بینێ، چونكه‌ زیره‌كی ده‌ستكرد بێ وچان له‌ گه‌شه‌كردندایه‌، بۆ سوود گه‌یاندن به‌ پیشه‌سازیه‌ جیاوازه‌كان، ئامێره‌كان زیاتر به‌ستراون به‌ كرداره‌ بیركاریه‌كانه‌وه‌، له‌ بواره‌كانی زانستی كۆمپیوته‌ر، زانستی زمان، زانستی ده‌روونزانی…هتد، به‌كارده‌هێنرێن، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌م سه‌نته‌ره‌دا گرنگی تایبه‌ت به‌ پرۆگرامسازی زمانی كوردی ده‌درێ، تاوه‌كو ئه‌م زمانه‌ش له‌پاڵ زمانه‌ زیندووه‌كان له‌ بواره‌كانی زانستی دانه‌بڕێت. شایه‌نی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ زیره‌كی ده‌ستكرد، كایه‌یه‌كه‌ له‌ كایه‌كانی زانستی كۆمبیوته‌ر، كار له‌سه‌ر پێشخستنی سیسته‌می پرۆگرامسازی كۆمبیوته‌ر ده‌كات، به‌جۆرێك زیره‌كایه‌تی هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌كانه‌و هه‌ندێك جاریش به‌ پێش زیره‌كی مرۆڤ ده‌كه‌وێت . ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ‌(زیرەکی دەستکرد) به‌ هه‌موو ئه‌و ئامێرانه‌ ده‌وترێت كه‌ وه‌ك مێشكی مرۆڤ توانای فێربوون و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان هه‌یه‌.