شەقڵاوە..یەکەمین کۆنفرانسی زانستی “صافی هیرانی، نەوای شیعر و چرای نیشتیمان” بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.16، بەئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سیاسەتمەدارانی کورد محسن دزەیی و عەدنان موفتی و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ی سەفین و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و قائیمقامی قەزایی شەقڵاوە و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی و پەروەردە و ژمارەیەکی تر لە سەرۆکی زانکۆکان و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەلایەن کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوەی زانکۆی سەڵاحەدین، لەژێرناونیشانی “صافی هیرانی، نەوای شیعر و چرای نیشتیمان” لە شەقڵاوە ئەنجامدارا و بڕیارە کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا، دەستخۆشی لەکۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوەی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرپەرشتیار و بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا “صافی هیرانی” شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان خاوەنی قوتابخانەی تەسەوفی و هۆنراوەی تایبەت بووە و یەکێک بووە لەو شاعیرە گەورە و ناسراوانەی کە تەسەوف و ئەدەبیاتی بەیەکەوە کۆکردووەتەوە و زۆربەی هونەرمەندانی کورد هۆنراوەەکانی ئەویان کردووە بە گۆرانی، گوتیشی: “صافی، ڕاستە لەژیان لەگەڵماندا نەماوە، بەڵام بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرەی بە ئەدەب و شیعری کوردی کردووە، هەمیشە ناوی بەزیندووى لەنێوماندا ماوە و بۆتە مایەی شانازیی هەموو کوردستانییەکە”.

جێگەی باسە، (صافی هیرانی) ناوی تەواوی کاک مستەفای كوڕی كاك عەبدوڵای (ثانی- سانی) كوڕی كاك عەلی كوڕی كاك مستەفای كوڕی كاك عەبدڵای كوڕی شێخ سولەیمانی هیرانی (میری سۆر- سۆران)ە. لە ساڵی 1873ی زایینی لە گوندی هیران و نازەنین لە سنووری قەزای شەقڵاوە لەدایك بووە، هۆنراوەی بە هەر چوار زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی نووسیوە و خاوەن چەندین شیعر بووە و دیوانەكەی چەند جارێك لە چاپ دراوەتەوە، لە شوباتی ساڵی (1942) گیانی لەدەستداوە و كۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبیی بەپێز و ڕەنگین لەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە.