لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا لە 8 ی 4 تاكوو ١٣ ی 4 (لە شەش ڕۆژدا) زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە”.
“گەشتیاران زۆربەیان هی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی ترن، هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیان دەگاتە 150 هەزار كەس، سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە”.
لە بۆنەكاندا و بە تایبەت لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، هاوڵاتییەكی زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی ٢٠٢٣، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافەتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
ھەزار و ٧٥ شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە ٦٢٥ ھۆتێل، ٣٧٠ مۆتێل، ٨٠ گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ٨٠٠ ڕێستۆرانت و کافەتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.
بەوەش زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری