بڕیارێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەرژوەندیی هاووڵاتییان جێبەجێکرا

بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ لێخۆشبوون لە تەواوی 100%ـی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبوو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە (بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی) کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە (3)ـی ساڵی 1992هەموارکراو و ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە (128) لە 27-03-2024، لەسەر پێشنیازی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بە:

1. لێخۆشبوون لە تەواوی 100%ـی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبوو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە (بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی) بە مەرجێک لە ماوەی (90) رۆژی کار لە رێککەوتی، بەکاربوونی ئەم بڕیارەوە تەواوی 100٪ـی بڕی پارەی بەشداری دەستەبەری کۆمەڵایەتییەکە بدەن.

2. سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن لە ڕۆژی گشتاندنی بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە.

3. ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.