کۆڕێ..داستانی بەرگری و وەرچەرخان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای کۆچی ملیۆنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە بەھاری ١٩٩١ ڕژێمی بەعس بە ھێزی زۆر و چەکی جۆراوجۆرەوە ھێرشی کردە سەر کوردستان، ھێزی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە دەربەندی کۆڕێ توانیان بەرەنگاری ھێزەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە، لە ئەنجامدا داستانی کۆڕێ تۆمار کرا، کە یەکێکە لە سەرکەوتنە مێژووییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.

دوای ئەوەی سوپای بەعس پەلاماری کوردستانی دا و گەیشتە ھەولێر و دەیویست ناوچەکانی دیکە داگیر بکاتەوە، ئەوە بوو لە شارۆچکەی پیرمامەوە دەیویست بەرەو شەقڵاوە، ئاکرێ، سۆران و ناوچەکانی دیکە بە تانک و تۆپ درێژە بە ھێرشەکانی بدات، لە حەوتی نیسان تا ١١ی نیسانی ١٩٩١، لە دەربەندی کۆڕێ شەڕێکی یەکلاکەرەوە ڕوویدا، پێشمەرگە بەرگریی کرد و ڕێگری لە پێشڕەوی سوپای ڕژێمی بەعس کرد، پێشمەرگە لەو داستانە بێوێنەیەدا سوپای بەعسی تێکشکاند، سوپایەک کە بە تانک و تۆپ و فڕۆکەوە ھاتبووە مەیدانەوە، بەڵام لە چەند قۆڵێکەوە پێشمەرگە بەرگریی مان و نەمانی کرد و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ھێڵی بەرگریی بەھێز پێکھات.
پێشمەرگە بە توانای کەمی چەک و تەقەمەنی، بەڵام بە بەرگری و ئیرادەی بەھێزەوە دووبارە خۆی خستەوە پێش مەرگ و تانک و تۆپەکانی سوپای ڕژێمی بەعس و تێکشکێنران، کوژراوێکی زۆر لە سوپای بەعس بەجێمان، لە ١١ی نیسان پێشمەرگە مژدەی سەرکەوتنی ڕاگەیاند و سوپای عێراق ناچار بە پاشەکشێ کرا، بەعس تانک و چەک و تەقەمەنی زۆری لێ بەجێما، داستانی کۆڕێ داستانی بەرگری و وەرچەرخان بوو کە بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان تۆمار کرا، وەکو فەرماندەکانی پێشمەرگە باسی دەکەن، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە سوپای بەعس نەک تەنھا تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت.
ھەر کەسێک لە کۆڕێ ڕەت بێت، چاوی بە مینۆمێنتی چەند تانک و دەبابەیەک دەکەوێت، کە بەدەستی ھێزی پێشمەرگە، لە شەڕی داستانی کۆڕێ تێکشکێنران، ئێستە ئەو مینۆمێنتە بۆ ڕێزلێنانی ئەو داستانە و شەھیدانی، بە شێوەیەک ڕازێنراوەتەوە تەنانەت گەشتیارە عەرەبەکانیش وێنەی لەگەڵ دەگرن.
ڕۆژی ١١/٤/١٩٩١ سوپای عێراق بە زیاتر لە دە ھەزار سەرباز و سی و شەش تانک و زیاتر لە چل زریپۆش بۆ جاری دووەم ھێرش دەکاتە سەر کۆڕێ بۆ گەیشتن بە شەقڵاوە، بەڵام نەک نەیانتوانی بەو ئامانجە بگەن، بەڵکو بەو پلانەی کە سەرکردایەتی کورد و ھێزی پێشمەرگە دایڕشتبوو بۆ دوایین جار لە کۆڕێ زەبرێکی وەھایان لە سوپای عێراق وەشاند، کە بووە یەکێک لە داستانە مێژووییەکان لە شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد و بۆ ھەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.
سێ ڕۆژ پێش داستانی کۆڕێ، لە سنووری ڕواندز و سۆران، سەرۆک بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە خەڵکێکی زۆر ئامادە بوو، لە وتارێکدا ورەی خەڵکی بەرز کردەوە و گوتی: ئەگەر ھیمەت و نیاز ھەبێت و ئەگەر دەستیش پاک بێ، دڵنیاتان دەکەمەوە دوژمن ھیچ نییە و ئەوەشی بەدەستی ھێناوە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لێی دەستێنینەوە.
سەرۆک بارزانی ھەروەھا ڕووی لە جەماوەر کرد و ڕایگەیاند: بۆ کوێ دەچن؟ ژیانی پەنابەری ژیانێکی تاڵ و ناخۆشە، مردن لەسەر خاکی کوردستان سەد ھەزار جار پیرۆزتر و سەربەرزانەترە لەوەی مرۆڤ لە ئەوروپا یان لە ھەر وڵاتیکی تر پەنابەر بێت.
سەرۆک بارزانی، جەماوەری کوردستانی دڵنیا کردەوە و گوتی: ورەی پێشمەرگە بەرزە، یەک بەڵێنتان دەدەینێ، دوژمن یان بەسەر لاشەی ئێمەدا دێتەوە بۆ کوردستان، یان دوژمن نایەتەوە بۆ کوردستان.
محەممەد عەزیز، یەکێک لەو پێشمەرگانەیە کە بەشداری لە داستانی کۆڕێی کردووە، ڕایگەیاند: ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە سوپای بەعس نەک تەنھا تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت، لە قۆناغی یەکەمی داستانی کۆڕێ دا، پێشمەرگەکانی ھێزی بارزان لوتی دوژمنیان شکاند.
ئەو بەشداربووە، زیاتر دەڵێ: بۆ ڕۆژی ١٢ی نیسان، لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بووین، لە سەنگەرەکانی پێشەوە ھەر ئەوەندەمان بینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری جێب لە پیرمامەوە بەرەو کۆڕێ ھات، سەرەتا ژمارەیەک پێشمەرگە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد، بەڵام بینیمان ئاڵای سپیی بەرزکردووەتەوە و دێت بۆ لامان ئۆتۆمبێلەکە گەیشتە نێو کۆڕێ، ئامر لیوایەکی سوپای عێراق دابەزی، پەیامی ڕژێمی پێ بوو کە داوای دانوستاندنیان دەکرد، بۆیە داستانی کۆڕێ بووە ھۆکاری دەستپێکردنی دانوستاندن لەنێوان بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعس، چونکە دوای داستانی کۆڕێ، ئێدی ڕژێم گەیشتە ئەو بڕوایە کە ھێزی پێشمەرگە بەھێزە و ناتوانن پێشڕەوی زیاتر بکەن.
فەرماندە مامک شێخۆ، بەشداربووی داستانی کۆڕێ، ڕایگەیاند: شەڕی کۆڕێ لە ڕۆژی ٧ی نیسان دەستی پێ کرد، ھێزەکانی پێشمەرگە توانییان گورزی کۆشندە لە دوژمن بدەن، سەرەڕای کوژراوێکی زۆری ھێزەکانی ڕژێم ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕژێم تێکشکێندران، ڕۆژی ١١ی نیسان لە قەڵای سپیلک بووین، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بەرەو کۆڕێ چووین، تا ھاوکاریی ھێزەکانمان بکەین بۆ پێشگرتن لە پێشڕەویی ھێزەکانی ڕژێم، پێشتر ھێزی پێشمەرگەی تێدا بوو ئێمەش گەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی بەرگری بکات و زیانی گەورەش لە دوژمن بدات، بە جۆرێک کە ھێزەکانی دوژمن ھیچ ورەیان نەمابوو، ئیدی ئەو ڕۆژە بووە دواڕۆژی شەڕی ئێمە و ڕژێمی بەعس.