کۆبوونەوەی شاندیکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر را و سەرنج و تیبینیەکان بۆ بەرێوەچوونی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی یەکشەمە ۷ ی ٤ ی ۲٠۲٤ ، هەڤاڵ (دکتۆر هێمن هەورامی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە یاوەری هەڤاڵان ئامینا زیکری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر ئیمینکی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هەڤالانی تایبەتمەند لەبەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ شاندیکی یۆنامی هەبوو.

شاندەکەی یۆنامی بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن جێگری جەنین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەلبژاردنەکان و ئەندامێتی پسپۆرانی یۆنامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن بوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لە سەر پێشنیازی جەنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆک بارزانی و رێزداران کاک نێچێرڤان برزانی و کاک مەسرور بارزانی کە تیایدا داوای کرد شاندیکی پسپۆر و تەکنیکی یۆنامی بێنە هەولێر و لەگەل شاندێکی پارتی لەسەر راو و سەرنج و تیبینی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گفتوگۆ بکەن.
لەم دانیشتنەدا، شاندی یۆنامی جەختیان لەگرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەلبژاردنیکی جێ متمانەی هەمووان و بەشداری هەموان کردەوە و رایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگادار بوون لە وردەکاری راو سەرنج و تیبینی و بۆچوونەکانی پ.د.ک .
شاندی پارتی بۆیان روونکردنەوە کە یۆنامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بەئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەریم مەرسومی دەرکرد و هەندی لایەنی دیکە چۆن رێگر بوون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی رەشنوسی هەمواری یاسای هەلبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوون.
بۆمان روونکردنەوە کە ئیستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجیک دوور بێت لە دیزاینی پێش وەختەو دەبێت یۆنامی لەسەر خەت بێت بۆ چارەسەری کیشە تەکنیکیەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکە و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردوە.