له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ ته‌نیا كار به‌ كارتی نیشتمانی ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق قۆناغی دووه‌می كارتی نیشتمانی ڕاگه‌یاند و گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ یه‌كی نیسانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسراو ناكرێت و ته‌نیا كار به‌ كارتی نیشتمانی ده‌كرێت.

٣٠ی ئاداری ٢٠٢٤، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، مقداد موسه‌وی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستپێكی قۆناغی دووه‌می كارتی نیشتمانی ڕاگه‌یاند و گوتی ” تا ئێستا سی و شه‌ش ملیۆن و حه‌وت سه‌د كارتی نیشتمانی ده‌ركراون و پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌”.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ یه‌كی نیسانی ٢٠٢٤ه‌وه‌، كۆتایی به‌ به‌كارهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ نووسراوه‌كانی دیكه‌ی عێراقی ده‌هێنین و ته‌نیا كار به‌ كارتی نیشتمانی عێراقی ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی قۆناغی دووه‌می پڕۆژه‌ی كارتی نیشتمانی، ئه‌و گوته‌بێژه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق گوتی “له‌ قۆناغی دووه‌مدا چه‌ند ئامانجێكمان هه‌یه‌ له‌وانه‌، به‌ چه‌ند قۆناغێك كوالێتی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌شی هاووڵاتییان ده‌كرێت باشتر ده‌كرێت.
هاوكات كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانی تایبه‌ت به‌ كارتی نیشتمانی له‌ باڵیۆزخانه‌كانی عێراق، به‌ مه‌به‌ستی تۆماركردنی ڕه‌وه‌ندی عێراقی له‌ ده‌ره‌وه‌ و پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی كارته‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق باسی له‌وه‌كرد، کردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی تایبه‌ت به‌ تۆماركردنی ناوه‌ندی له‌ پارێزگاكان و پێشكه‌شكردنی هه‌موو جۆره‌ ئاسانكارییه‌ك به‌ هاووڵاتیان.
مقداد موسه‌وی هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، دابینكردنی وێستگه‌ی گه‌ڕۆك بۆ تۆماركردن، كه‌ له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كان پێك دێت، تا ئه‌و هاووڵاتییانه‌ تۆمار بكه‌ن كه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بووه‌ ناتوانن سه‌ردانی بنكه‌كان بكه‌ن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، سێ سه‌د وێستگه‌ی گه‌ڕۆك دابین ده‌كه‌ن، به‌ مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو پێداویستییه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان.
له‌ دوا خاڵدا مقداد موسه‌وی خستییه‌ ڕوو، به‌ستنه‌وه‌ی به‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینگه‌كانی تایبه‌ت به‌ زانیارییی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان له‌ پارێزگاكانی عێراق، له‌گه‌ڵ سیسته‌می كارتی نیشتمانی عێراقی، به‌ مه‌به‌سه‌تی تۆماركردنی زانیاریی له‌باره‌ی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتییان و خێراكردنی كاری ڕۆژانه‌ی فه‌رمانگه‌كان.
تێچووی پڕۆژه‌ی كارتی نیشتمانی كه‌ ساڵانێكه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و له‌بری به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕەگه‌زنامه‌ و ناسنامه‌ی باری شارستانی و كارتی زانیاری، به‌ هاووڵاتیانی عێراقی ده‌درێت، سه‌د و بیست ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌. كارتی نیشتمانی عێراق، بیست نهێنی كه‌سی هه‌ر تاكێك له‌خۆ ده‌گرێت و ساخته‌كردنی ئه‌سته‌مه‌.