خانمە سیاستمەداری کورد، لەیلا زانا پەیامی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گۆڕەپان و فێستیڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەر ساڵی نوێی کوردی لە دیاربەکری باکووری کوردستان خوێندەوە و ڕایگەیاند: ئێمە بە هەستی کوردایەتیی و تێکۆشانی مەلا مستەفا بارزانی هۆشیار بووینەوە و بە شکۆمەندییەوە یادی سەرکردە مێژووییەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد دەکەینەوە.
لەیلا زانا لە پەیامەکەیدا گوتی: ئێمە قەرزاری کەڵە پیاوانی مێژووین لە بواری سیاسیی، هونەریی و کۆمەڵایەتییدا لەوانە شێخ سەعید، سەید ڕەزا، قازی محەمەد سڵاو بۆ گیانیان، هەروەها قەرزاری زانستی سەعیدی کوردیین و سوپاسگوزاری ئەدەب و ڕۆشنبریی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانین.
گوتیشی: ئێمە بە هەستی کوردایەتی و تێکۆشانی مەلا مستەفا بارزانی هۆشیار بووینەوە، بۆیە بە ڕێزەوە یادی ئەم سەرکردانە و کەڵە پیاوانە دەکەینەوە.
هەر لە وتارەکەیدا داوای هاووڵاتییانی ئامادەبوو و بەشداری ئاهەنگەکەی دیاربەکر کرد، کە دانبەخۆیاندا دابگرن و هیچ کارێک هەڵە نەکەن، بەڵکو بە خۆشی دەربڕین هەوڵی جۆش و خرۆشان بدەن.
هەروەها پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە هاووڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و بە تایبەت ئاماژەی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی: ڕۆژهەڵاتی کوردستان برینی دڵی منە و هەموو ڕۆژێك بۆ دۆخی ئەوان خەمبار دەبم.
گوتیشی: نەورۆز لە هەموو ئەو هاووڵاتییانەش پیرۆز بێت کە لە ژێر فشار و ستەم ناچاربوون دەست لە خاک و وڵاتەکانیان بەردەن ڕوو لە ئەوروپا بکەن.
ڕاشیگەیاند، بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی یونیسکۆ سێ سەد ملیۆن کەس جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، بەڵام ئەوەی ئەم جەژنەی بە نێودەوڵەتی کردووە، جگە لە گەلی کورد، هیچ نەتەوەیەکی دیکە نییە.
خانمە سیاستمەدار، لەیلا زانا کورد گوتی: نەتەوەیەکە هیچ کاتێک چاوچنۆک نەبووە و هەرچی هەبووە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی بەشی کردووە، تاوەکوو ئەم جەژنەشی لە ڕۆژهەڵات تا ژاپۆن تا وەکوو ئەوروپا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە پیرۆز دەکات، بۆیە جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانە دەکەین کە ئەم جەژنە دەگێڕن.
هەر لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و ڕایگەیاند: ئیتر دەبێت دەنگی کوردان بۆ کوردان بێت نەک حزبەکانی دیکەی تورکیا گوتیشی: کەس ناتوانێت مۆراڵی هیچ کەسێکی دیکە بەکار بێنێت، بۆیە دەبێت دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتییانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا هەر بۆ کورد بێت.