مەسرور بارزانی: ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دیموکراتیيانە و دەستوورین

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە و هاریکاری و هەماهەنگيی وڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “تەوه‌رێکی سەرەکيی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، کە هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، بەڵام گەلی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی بکات”.

لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە “ئێمە هەمیشە لەگەڵ  هەڵبژاردن بووین و لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دیموکراتیيانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتی نوێنەرایەتیی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بکات”.

بارودۆخی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی کەمپەکان بۆ شوێنەکانیان.