ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی ھەژماری من و ئێستە لە حەوت شار دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژەی ھەژماری من کراوە. بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: کارتی ھەژماری من سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدایە و گەرەنتییەکە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم.

ھەژماری من دەستپێشخەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندرا، پاشەکشە لە تەواوکردنی پڕۆژەی ھەژماری من ناکەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش تەواوی فەرمانبەران دەکەنە خاوەن کارتی بانکی.
پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی بانکیی نوێخوازانەیە، سیستەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانە لە ڕێگەی پشبەستن بە ھەژمارە بانکییەکان، چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی داھاتوودا، پرۆسەکە ھەنگاوی گەورەتر بھاوێت و وەرچەرخان لە بزاوتی ئابووریی کوردستاندا بێنێتە کایەوە.
ڕۆژانە زیاتر لە چوار ھەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار دەکرێن، ئێستە پڕۆژەکە لە سلێمانی و دھۆک سەرقاڵی تۆمارکردنی فەرمانبەرانە، جگە لەوەش ئەو فەرمانبەرانەی مامەڵەکانیان تەواو بووە لە ڕێگەی کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، کە ھەتا ئێستە زیاتر لە دوو سەد و چل ھەزار فەرمانبەر ھەژماری منیان دروست کردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی ھەژماری من و ئێستە لە حەوت شار دەستی بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھەژماری من کراوە، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن. فەرمانبەران، دەڵێن: پێشتر کە مووچەمان وەردەگرت بۆ ماوەیەکی زۆر لە سڕە دەماینەوە، ئەوەش ناخۆش بوو بۆمان، بەڵام ئێستە پڕۆسەی ھەژماری من، پڕۆسەیەکی ڕێکوپێک و پێشکەوتووە، بە کارتی ھەژماری من ھەر کاتێک بمانەوێت مووچەی خۆمان وەردەگرین، بێ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە سڕە بمێنینەوە.
تا ئێستە زیاتر لە دوو سەد و چل ھەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی مامەڵەی پڕۆژەی ھەژماری منی بۆ کراوە و زیاتر لە سەد و سی ھەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە و ڕۆژانە زیاتر لە چوار ھەزار کارتیش دەدرێتەوە بە فەرمانبەران، شارەزایانی بواری ئابوورییش، پێیانوایە، ئەو پڕۆژەی ھەژماری من کە بریتییە لە بە دجیتاڵکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان، کارئاسانییەکی گەورە دەکات لە وەرگرتنی سولفە و قەرز بۆ فەرمانبەران، لەگەڵ وەرگرتنی مووچەکانیان لە کاتی خۆی، بۆیە ھەژماری من دڵنیاییە بۆ فەرمانبەران.
ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ھەژماری من لە پارێزگای دھۆک، دەڵێت: ماوەی سێ ھەفتەیە دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆران لە پڕۆژەی ھەژماری من لە دھۆک کراوە و تیمەکانیان لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی حکومی لە ناوچەکە لە ھەماھەنگیدان.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ھەژماری من لە پارێزگای دھۆک، گوتیشی: فەرمانبەران بەشێوەیەکی فراوان و جۆشوخرۆشەوە پێشوازی لە بەشداریکردن لە پڕۆژەی ھەژماری من دەکەن و زۆر ھاوکارن لەگەڵ تیمەکانیان بۆ کردنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ھەژماری من لە پارێزگای دھۆک، جەختیکردەوە، پرۆسەکە زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی ئەو سێ ھەفتەیەدا زیاتر لە سێزدە ھەزار فەرمانبەر لە دھۆک و دەوروبەری لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمارکراون و ڕۆژانە نزیکەی ھەزار فەرمانبەر لەو پرۆسەیەدا، ھەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوە.
ئاراس سەڵاح، ئاشکرایکرد: لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی ھەژماری من دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای ئامێدی و دواتریش لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای دھۆک ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەی ھەژماری من بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: کارتی ئەلیکترۆنی ھەژماری من، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدایە، لەوانە ڕاکێشانی سلفە لە بانکەکان و کڕینی کاڵا لە فرۆشگاکان.
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: بەھۆی ئەوەی پڕۆژەی ھەژماری من لە بانکی ناوەندی عێراقی ڕەزامەندی وەرگرتووە، گەرەنتییەکە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم.
لەلایەکی دیکەوە، د. فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەژماری من ھەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و لە خزمەت فەرمانبەران دایە و پێویست ناکات بیانوو بە ھەرێمی کوردستان بگرن، بۆیە ئەوەی ھەیە بیانوو بە ھەرێم گرتنە ئەگەر نا پڕۆژەکە زۆر باش و لە جێگەی خۆیەتی.