ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا رێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره و فیدیه‌ی ئەمساڵی دیاریکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توای سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رێژه‌ی زه‌كات، سه‌رفیتره و فیدیه‌ی ئەمساڵی دیاریکرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ڕێژه‌ی سه‌رفیتره بۆ هه‌ر كه‌سێك له‌مساڵدا به لایه‌نی كه‌م (2500) دوو هه‌زار و پێنج سه‌د دینار ده‌بێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، “ئه‌ندازه‌ی فیدیه‌ی بهڕۆژوونهبوون بۆ هه‌ر ڕۆژێك (2500) دوو هه‌زار و پێنج سه‌د دینار ده‌بێت”.
لەبارەی زەکاتیش، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئه‌ندازه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی زه‌كات تیایدا واجب ده‌بێت (نیصابی زه‌كات) بریتییه له (2,100,000) دوو ملیۆن و سه‌د هه‌زار دیناری عیراقی، واته هه‌ر كه‌سێك (2,100,000 دوو ملیۆن و سه‌د هه‌زار دیناری عیراقی) هه‌بێت و، ساڵی به‌سه‌ردا سوڕابێته‌وه، واجبه به ڕێژه‌ی (2.5%) سه‌دا دوو و نیو واته بۆ هه‌ر ملیۆنێك بیست و پێنج هه‌زار دیناری عێڕاقی به‌زه‌كات بدات به هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌تان”.