دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوو ر و ڕێککەوتنەکان کرا.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێی گرنگی و بایەخی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و پێویستیی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.